یاری رۆبڵۆکس پێداچوونەوە بە تەمەنی بەکارهێنەرەکانی دەکات
کۆمپانیای یاری رۆبڵۆکس، بڕیاریدا تایبەتمەندی پشتڕاستکردنەوەی تەمەن بۆ بەکارهێنەرەکانی دابنێت، ئەوەش دوای ئەوەی چەند وڵاتێک بە بیانووی نەبوونی هیچ سنوورێکی بۆ تەمەنی منداڵان یارییەکەیان قەدەغەکرد.
مات کۆفمان، بەرپرسی باڵای ئاسایش لە کۆمپانیای رۆبڵۆکس رایگەیاند: "تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، رۆبڵۆکس تایبەتمەندی پشتڕاستکردنەوەی تەمەنی بەکارهێنەرەکانی زیاد دەکات".
راشیگەیاند، "یەکێک لەو رێکارەکانەی کۆمپانیاکە ئامانجییەتی بیگرێتەبەر تەکنەلۆجیای ناسینەوەی رووخساری بەکارهێنەرە بۆ پشتڕاستکردنەوەی تەمەنی و سەلماندنی ناسنامە و رەزامەندی دایک و باوکی تاوەکو بتوانێت ببێتە یەکێک لە بەکارهێنەرەکانی یاری ڤیدیۆیی رۆبڵۆکس.
رۆبڵۆکس، پلاتفۆرمێکی یاریکردنی ئۆنلاینە، تیایدا دەتوانیت ئەو یارییانەی لەلایەن بەکارهێنەرانی دیکەوە دروستکراون، ئەنجامبدەیت، هەروەها یاریی تایبەت بە خۆت دروستبکەیت و هاوبەشیی پێبکەیت، ئەم جۆرە یارییە لەنێوان منداڵان و نەوجەواناندا، نزیکەی سەد ملیۆن کەس رۆژانە یاری پێدەکەن.
بەگوێرەی خەمڵاندنێک، منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ نزیکەی 40%ی بەکارهێنەرانیان لە ساڵی 2024دا پێکهێناوە.
لە چەند ساڵی رابردووشدا، یارییەکە بە بەردەوامی رووبەڕووی رەخنە بووەتەوە بەهۆی نەبوونی پاراستنی پێویست بۆ منداڵان.
لە مانگی ئابى رابردوودا، داواکاری گشتی ویلایەتی لویزیانای ئەمریکی، سکاڵایەکی یاسایی لە دژی کۆمپانیاکە تۆمار کرد و تۆمەتباری کرد بە ئاسانکاریکردنی بڵاوکردنەوەی یاری پۆڕنۆگرافی لەنێو یارییەکەدا کە ئەمەش بە هیچ شێوەیەک شیاوی منداڵانی خوار تەمەن 13 ساڵ نییە.
یاری رۆبلۆکس بە نزیکەیی مانگانە 380 ملیۆن بەکارهێنەری چالاکی هەیە و رۆژانە 85 بۆ 111 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، زۆربەی بەکارهێنەرانیش تەمەنیان لە خوار 13 ساڵەوەیە.
کۆمپانیای Roblox Corporation کۆمپانیایەکی ئەمریکییە بۆ پەرەپێدانی نەرمەکاڵا و یارییەکان، لە ساڵی 2004 لەلایەن دەیڤید باسزوکى و ئێریک کاسیڵ، دامەزراوە، کە پەرەی بە پلاتفۆرمی بەناوبانگی یاریکردنی ئۆنلاین Roblox داوە. کۆمپانیاکە بارەگا سەرەکییەکەی لە شاری سان ماتیۆی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و پلاتفۆرم و ئامڕازەکان (وەک ستۆدیۆی رۆبلۆکس) بۆ بەکارهێنەران دابین دەکات بۆ دروستکردن و یاریکردنی ملیۆنان یاری جۆراوجۆر.

05/09/2025