مانگگیران و دیاردەی مانگی خوێناوی لە جیهان روودەدات

پێشبینی دەکرێت لە شەوی 7 لەسەر 8ـی ئەیلول، مانگگیرانی تەواوەتی لەبەشێکی زۆری جیهان رووبدات و دانیشتووانی وڵاتانیش بە چاوی خۆیان دیاردەکە ببینن.

لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئاسیا، ئوسترالیا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا، مانگی خوێناوی درووستدەبێت و 82 خولەک دەخایەنێت.

بەگوێرەی سەرچاوە فەلەکییەکان، لە عێراقیش گیرانی تەواوەتی مانگ روودەدات و دەوروبەرى کاتژمێر 20ـى شەو دیاردەکە دەستپێدەکات و لە کاتژمێرەکانى 22 بۆ 23 مانگگیرانى تەواوەتی دەبینرێت.

مانگگیران دیاردەیەکی دەگمەنی فەلەکییە، کاتێک روودەدات کە زەوی دەچێتە نێوان خۆر و مانگ، ئەمەش سێبەر بەسەر مانگەوە دروستدەکات.