عێراقچی: پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند، پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی نامە لەگەڵ ئەمریکا لە رێگەی نێوەندگرەکانەوە بەردەوامە، دەشڵێت، هەموو کێشەکانی ئێران دەرەکی نین، بەڵکو بەشێکیان ناوخۆین و دانپێدانانیان پێویستی بە ئازایەتییە.
لەمیانی بەشداریکردنیدا لە کۆنفرانسی نیشتمانیی تواناکان و دەرفەتەکانی وەبەرهێنان لە ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوەکرد، وڵاتەکەی رووبەڕووی سزای هەمەلایەن بووەتەوە و ئەمەش کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە، جەختی لەوەشکردەوە، ئەوانەی سزاکانیان سەپاند ئامانجیان ئیفلیجکردنی ئێران بووە، بەڵام ئەوە کۆتایی ئێران نییە و وڵاتەکەیان بە خۆڕاگری و بەهێزی دەمێنێتەوە.
عێراقچی، راشیگەیاند، هەموو کێشەکان لە ئەنجامی سزا و فشارە دەرەکییەکانەوە نییە، بەڵکو بەشێکیان ناوخۆیین.
لەبارەى دانوستانەکانیش گوتی، لە ئەرکەکانی وەزارەتی دەرەوە هەوڵدانە بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێران و ئەوان لە چوارچێوەی دانوستانەکاندا بە پەرۆشەوە کاریان لەسەر کردووە، بەجۆرێک ئیدی دانوستانەکان ناگەڕێنەوە بۆ شێوازی پێش جەنگ، بەڵکو شێواز و رەهەندێکی نوێ وەردەگرێت و ستراتیجی تایبەتی بۆ دادەڕێژرێت.
06/09/2025