عیزەت سابیر: هەرێمى کوردستان گرفتى کەمیی گازى نییە

عیزەت سابیر، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق
عیزەت سابیر، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق

عیزەت سابیر، بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق، بەگرنگییەوە باسى گازى هەرێمى کوردستان دەکات و دەڵێت: داهاتووى گاز لە هەرێمى کوردستان گەشە.

ئاماژەى بەوەشکرد، رۆژانە لە کێڵگە نەوتییەکانى کەرکوک، 300 بۆ 330 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت و کۆمپانیاى بی پى بەریتانى دەیەوێت بەرهەمهێنان بگەیەنێتە 400 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە.

عیزەت سابیر، لە میانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى تارگێت، گوتیشى، مەرجە کۆمپانیاى بی پی بەریتانى ساڵانە 10 ملیۆن دۆلار بۆ خزمەتکردنى کەرکوک خەرج بکات، هەروەها لەگەڵ دەستپێکردنى کارەکانى کۆمپانیا و زیادبوونى بەرهەمهێنانى نەوت، سەدان هەلى کار بۆ گەنجانى سنوورى پارێزگاى کەرکوک دەڕەخسێندرێت.

بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق، ئاماژەى بەوەشکرد، عێراق دەیەوێت رێڕەوى فرۆشتنى نەوتى لە ئوردن، تورکیا، بەسرە و کەنداو و سووریاوە هەبێت، دەشڵێت، تاوەکو ئێستا نازانرێت یەدەگى نەوتى ژێر زەوى چەندە.

گوتیشى، تاوەکو 100 ساڵى دیکە عێراق دەتوانێت نەوت بەرهەمبهێنێت، لەبارەى داهاتووى گاز لە هەرێمى کوردستان گوتى، گاز داهاتوویەکى گەشى هەیە و هەماهەنگیى باش لە پرسى گازدا لەنێوان هەولێر و بەغداد هەیە.

راشیگەیاند، بەرهەمى گازى رۆژانە لە کێڵگەى کۆرمۆر 550 ملیۆن پێ سێجایە و تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ دەگاتە 700 ملیۆن پێ سێجا.

بریکارى وەزارەتى نەوتى عێراق، راشیگەیاند، عێراق رۆژانە پێویستى بە سێ ملیار پێ سێجا گاز هەیە و تاوەکو 25 ساڵى دیکە گرفتى کەمیی گازى شل لە عێراق و هەرێمى کوردستاندا نابێت.