کاتەکانی مانگگیرانە خوێنییەکە لە هەرێمی کوردستان

دیاردەیەکی مانگگیران. فۆتۆ: AP
دیاردەیەکی مانگگیران. فۆتۆ: AP

ئەم ئێوارەیە مانگگیران روودەدات، کە بە مانگگیرانی خوێنی ناو دەبرێت. دیاردەی مانگگیرانەکە لە کاتژمێر 6:28 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ کاتژمێر 11:55 خولەک بەردەوام  دەبێت. لە کاتژمێر 8:30 خولەکەوە مانگگیرانی خوێنی دەبینرێت.

مانگگیرانە خوێنییەکە

ئەم مانگگیرانە، شتێکی سەرنجڕاکێشی تیادایە، کە پێی دەگوترێت مانگگیرانی خوێنی، چونکە رەنگەکەی ئەوەندە سوور دەبێت هاوشێوەی رەنگی خوێنی لێدێت.

ماوەی مانگگیرانەکە

خەڵکێکی زۆر خۆیان ئامادەکردووە بۆ سەیرکردنی ئەم مانگگیرانە و لە هەرێمی کوردستانیش هاونیشتمانیان دەیانەوێت بە سەیرکردنی ئەو مانگگیرانە، ساتێکی خۆش بۆ خۆیان تۆمار بکەن.

بەگوێرەی پێشبیینەکان، کۆی رووداوی مانگگیرانەکە بە نزیکەیی پێنج کاتژمێر و 27 خولەک دەخایەنێت.

کاتەکانی مانگگیران بەگوێرەی پێشبیینەکانە، چونکە لە دیاردە سرووشتییەکاندا ناکرێت بە وردی و سەدلەسەد سات و کاتەکان دەستنیشان بکرێن، بۆیە بە نزیکەیی کاتەکانی مانگگیرانمان لە هەرێمی کوردستان بۆ دیاری کردوون.

دەستپێکردنی مانگگیرانەکە

سەرەتای مانگگیرانەکە کاتژمێر 06:28 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە دەستپێدەکات، بەڵام سەرەتای مانگگیرانەکە بە چاو نابینرێت، لەبەر ئەوەی مانگگیرانەکە لە ساتەکانی سەرەتایدایە.

لە کاتژمێر 07:27 خولەکەدا بەشی یەکەمی تاریکبوونی مانگەکە دەبینرێت، کە لەو کاتەدا بە چاو هەست بە بینینی مانگگیرانەکە دەکرێت.

مانگگیرانی تەواوەتی

لە کاتژمێر 08:30 خولەکی ئەمشەودا بە تەواوەتی مانگگیرانەکە روودەدات و زەوی بە تەواوی بەردەم رووناکیی خۆر دەگرێت و ناهێڵێت، رووناکیی خۆر بەر مانگ بکەوێت.

مانگی خوێنی

لە پاش کاتژمێر 08:30 خولەکی شەو ساتی دەرکەوتنی دیاردەی مانگی خوێنی روودەدات، کە تاوەکو کاتژمێر 09:00 بەردەوام دەبێت.

لە پاش کاتژمیر 09:51 خولەکی شەو بەرزترین ئاستی دیاردەی مانگگیرانەکە روودەدات و دیاردەی مانگگیرانی تەواوەتی دەبینرێت.

کۆتایی مانگگیرانەکە

لە کاتژمیر 10:56 خولەکی ئەمشەوەوە مانگگیرانەکە هێدی هێدی کۆتایی پێدێت و بەشی یەکەمی کۆتایهاتنی مانگگیرانەکە  دەستپێدەکات.

لە کاتژمێر 11:55 خولەکی ئەمشەودا مانگگیرانەکە بە تەواویی کۆتایی پێدێت.