مانگگیران و دیاردەی مانگی خوێناوی لە جیهان روودەدات
ئەمشەو 7 لەسەر 8ـی تەمموز، مانگگیرانی تەواوەتی لە بەشێکی زۆری جیهان روودەدات و دانیشتووانی وڵاتانیش بە چاوی خۆیان دیاردەکە دەتوانن ببینن، یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستانیش داوا لە مامۆستایانی ئاینی و موسڵمانان دەکات، سوننەتی نوێژی مانگگیران زیندووبکەوە و نزای خێر بکەن.
لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ئاسیا، ئوسترالیا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا، مانگی خوێناوی دروستدەبێت و 82 خولەکیش دەخایەنێت.
بەگوێرەی سەرچاوە فەلەکییەکان، لە عێراقیش گیرانی تەواوەتیی مانگ روودەدات و دەوروبەرى کاتژمێر 20ـى شەو بەکاتی هەرێمی کوردستان، دیاردەکە دەستپێدەکات و لە کاتژمێرەکانى 22 بۆ 23ـی ئەمشەو، مانگگیرانى تەواوەتی دەبینرێت.
مانگگیران دیاردەیەکی دەگمەنی فەلەکییە، کاتێک روودەدات کە زەوی دەچێتە نێوان خۆر و مانگ، ئەمەش سێبەر بەسەر مانگەوە دروستدەکات.
یەکێتیی زانایانی ئاینی لە هەرێمی کوردستانیش لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، بەگوێرەی فەلەکناسەکان، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ـی ئەیلولی 2025 مانگگیران لە هەرێمی کوردستان روودەدات، بۆیە لەروانگەی هەستی دیندارییەوە، داوا لە مامۆستایانی ئاینی و موسڵمانان دەکەین، سوننەتی نوێژی مانگگیران زیندووبکەوە و نزای خێر بکەن.
07/09/2025