ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی هەندێک ناوچەی شاری غەززە دەکات

بۆردومانى باڵەخانەیەکى بەرز لە کەرتى غەززە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلەوە.
بۆردومانى باڵەخانەیەکى بەرز لە کەرتى غەززە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلەوە.

سەرەڕای بارودۆخی ناهەمواری مرۆیی و کەرتی غەززە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومان و پێشڕەویکردنی لە شاری غەززە، لە دوایین پێشهاتدا هۆشدارییەکی ئاڕاستەی دانیشتووانی تاوەری روئیا و خێوەتگەکانی دەوروبەری کردووە، ناوچەکە چۆڵبکەن بەمەبەستی هێرشکردنە سەری.

سوپای ئیسرائیل لەبارەی هۆکاری هێرشکردنە سەر تاوەرەکە و دەوروبەری، رایگەیاندووە، ئەو ناوچەیە ژێرخانی سەربازیی چەکدارانی حەماسی لێیە و دەیانەوێت لەناوی ببەن.

نەتەنیاهوو: ناوچەیەکی مرۆیی دیکەمان بۆ هاوڵاتییان دروستکردووە

هەر لەو چوارچێوەیەدا بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، هێرشەکانیان چڕتر دەکەنەوە و ناوچەیەکی مرۆیی دیکەیان بۆ هاوڵاتییانی سڤیل دروستکردووە کە سەلامەتە و هاوکاریی مرۆییشی تێدا دابەشدەکرێت.

نەتانیاهوو، دەڵێت، تاوەکو ئێستا 100 هەزار کەس غەززەیان بەجێهێشتووە و کارئاسانی بۆ رۆیشتنی خەڵکی دیکە دەکەن.

بۆ جەختکردنەوە لە بەردەوامی هێرشەکان سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گوتی " ژێرخانی سەربازیی تیرۆرستان تێکدەشکێنین، تاوەرەکانی تیرۆر و تۆقاندن لەناو شاری غەززە وێران دەکەین. ناوچەیەکی مرۆیی نوێمان دروستکردووە بۆ ئەوەی هاوڵاتییانی سڤیل رووی لێبکەن، ئەوێ ناوچەیەکی سەلامەتە و دەتوانن هاوکاریی مرۆییش وەرگرن. تاوەکو ئێستا 100 هەزار هاوڵاتی غەززەیان چۆڵکردووە."

هاوکات، سوپای ئیسرائیل هێرشیکردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی کەرتی غەززە و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم 31 کەس کوژراون کە 29 یان لە باکووری غەززە بوون.

رۆژی هەینیی رابردوو، حەماس تۆماری ڤیدیۆیی دوو بارمتەی ئیسرائیلی بڵاوکردەوە، کە یەکێکیان لەناو ئۆتۆمبێلێکدایە و باڵەخانە رووخاوەکانی غەززە دەردەکەون و داوا لە بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات جەنگ رابگرێت و هێرشنەکاتە سەر غەززە، بەوهۆیەشەوە، سوپای ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی تەواوی تاوەر و بینا بەرزەکانی شارەکەی کرد و رایگەیاند، ئۆپراسیۆنەکەیان بۆ کۆنترۆڵکردنی شاری غەززە فراوانتر دەکەن.

"