نەتانیاهوو: قۆناغی هێرشی زەمینی لە شاری غەززە دەستیپێکرد

بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل. فۆتۆ: AP
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل. فۆتۆ: AP

 رۆژ لە دوای رۆژ سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆسەرکەرتی غەززە فراوانتر و کاریگەرتر دەکات، لەو چوارچێوەیەشدا بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشەکانیان چڕتر دەکەنەوە و داواشی لە دانیشتووانی شاری غەززە کرد بەپەلە و هەر ئێستا شارەکە چۆڵبکەن.

نەتەنیاهۆ: پێویستە دانیشتوانەکەی دەستبەجی غەززە چۆڵ بکەن

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، نەتانیاهوو لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان لەناو شاری غەززەی باکووری کەرتی غەززە زیاتر دەکەن و دانیشتووانەکەشی کە پێشتر هۆشدارییان پێدراوە پێویستە دەستبەجێ شارەکە چۆڵبکەن.

ئەو هۆشدارییەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە کاتێکدایە، دوێنێ یەکشەممە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، پیشنیازێکی نوێی ئاگربەستی ئاڕاستەی حەماس کردووە و داوای لێکردن وەک دواین ئاگادارکردنەوە پێشنیازەکە قبوڵبکەن.

سەرۆکی ئەمریکا راشیگەیاند، پێشنیازەکە بۆ کۆتایهێنان بە جەنگە و ئیسرائیلیش بە پێشنیازەکە رازیبووە.

دواتر حەماسیش ئامادەیی خۆی بۆ چوونە سەر مێزی گفتوگۆ نیشاندا و کۆمەڵێک مەرجیشی ئاشکراکرد.

 لە دوو رۆژدا 50 تاوەری شاری غەززە بۆردومان و خاپوور کراوە

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل هەر لەو پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا ئەوەشی ئاشکراکرد، لەماوەی دوو رۆژی رابردوودا 50 تاوەری شاری غەززەیان بۆردوومان کردووە و ئێستاش قۆناغی هێرشی زەمینییان لە شاری غەززە دەستپێکردووە.

لای خۆشییەوە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەمیانی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنەکان، چوار سەربازییان لە باکووری کەرتی غەززە کوژراون.