نوسینگەی نەتانیاهوو: ئیسرائیل سەربەخۆیانە هێرشەکەی قەتەڕی ئەنجامداوە

بیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، فۆتۆ: AFP
بیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، فۆتۆ: AFP

دوا بە دوای هێرشە کتوپڕەکەی ئەم دوانیوەڕۆیەی ئیسرائیل بۆسەر دەوحەی پایتەختی قەتەر و کردنە ئامانجی ژمارەیەک سەرکردەی دیاری بزوتنەوەی حەماس، نوسینگەی، بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل راگەیەنراوێکی لەبارەی هێرشی سوپای وڵاتەکەی بۆ سەر چەند سەرکردەیەکی حەماس لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئیسرائیل سەربەخۆیانە هێرشەکەی ئەنجامداوە.

لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ هێرشێکی ئاسمانی وردیان کردووەتە سەر چەند بەرپرسێکی باڵای حەماس و باڵی سەربازی حەماسیش هێرشەکەی پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند، شاندی دانوستکاریان لە کاتی کۆبوونەوە و تاوتوێکردنی پیشنیازە نوێیەکەی ترەمپ کراونەتە ئامانج.

نوسینگەی نەتانیاهوو: بەرپرسانی باڵای حەماس لە قەتەر کراونەتە ئامانج

لە راگەیەنراوەکەیدا، نوسینگەی نەتانیاهوو، ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە لە هێرشەکەی ئەمڕۆدا بەرپرسانی باڵای حەماس کراونەتە ئامانج و هێرشەکەیش سەربەخۆیانە لەلایەن ئیسرائیلەوە ئەنجامدراوە و بەرپرسیارێتی تەواوەتیشی لە ئەستۆ دەگرێت.

نوسینگەی نەتانیاهوو ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئەو پێگەیەی کراوەتە ئامانج شوێنی مانەوەی بەرپرسانی حەماس بووە.

هەر سەبارەت بە وردەکاری هێرشەکە و ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج، میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، خالید مەشعەل، خەلیل حەییە و زاهیر جەبارین و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسی حەماس لە هێرشەکەدا کراونەتە ئامانج و سەرچاوەکانی نزیک لە حەماسیش باسیان لەوە کردووە، هیچ سەرکردەیەکی حەماس نەکراوەتە ئامانج و رزگاریان بووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، دوانیوەڕۆی سێشەممە ، ژمارەیەک بەرپرسی حەماسیان لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ کردووەتە ئامانج حەماسیش دەڵێت،ئەوانەی کراونەتە ئامانج شاندی دانوستکار بوون لەکاتی کۆبوونەوەدا.

سوپای ئیسرائیل، لە راگەیەنراوێکدا وردەکاری هێرشەکەی ئاشکراکردووە و رایگەیاند، هێرشەکەیان لە رێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجامداوە و بەوردی ئامانجەکانیان پێکاوە، بەبێ ئەوەی زیان بە هاوڵاتیانی سڤیل بکەوێت.

ئیسرائیل: ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج بەرپرسن لە هێرشەکانی سەر ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل دەشڵێت، ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج ژمارەیەک سەرکردەی حەماس بوون کە دەستیان هەبووە لە سەرکردایەتیکردنی هێرشەکانی7ی تشرینی یەکەمی 2023 کە تیایدا زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژران، هاوکات سەرکردایەتی هێرشەکانی دژی ئیسرائیلیان کردووە.