ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆدەبێتەوە

نوێنەرى هەمیشەیی پۆڵەندا لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان
نوێنەرى هەمیشەیی پۆڵەندا لە ئەنجوومەنى ئاسایشى نەتەوەیەکگرتووەکان

حکومەتى پۆڵەندا رایگەیاند، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، لەبارەی پێشێلکارییەکانی رووسیا بەرامبەر ئاسایشی ئاسمانیی وڵاتەکەیان کۆدەبێتەوە.

کۆبوونەوەکە لەسەر بەزاندنی ئاسمانیی پۆڵەندایە

رادۆسلۆ سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوە و جێگری سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی پێشێلکارییەکانی دوێنێی رووسیا بەرانبەر ئاسمانیی وڵاتەکەیان کۆدەبێتەوە و ئامانج لەو کۆبوونەوەیەش ڕاکێشانی سەرنجی هەموو دونیایە بۆ ئەو پێشهاتە نوێیەی لەلایەن رووسیاوە شەوی سێشەممە ئەنجامدرا.

وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا، گوتیشی، هەفتەی رابردوو قسەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی کردووە و دەبێت ئەو پێشێلکارییە هەڵوێستەی لەسەر بکرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، رووسیا شەوی سێشەممە 19 پێشێلکاریی بەرانبەر ئاسمانیی وڵاتەکەیان کردووە دەیان درۆن لە ئاسمانیی وڵاتەکەیان بینراون کە هەندێکیان خراونەتە خوارەوە و تەواوی پڕۆسەی پێشێلکارییەکەی رووسیا حەوت کاتژمێری خایاندووە.

وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا، بەتوندی ئەو دەنگۆیانەشی رەتکردەوە کە باس لەوەدەکەن درۆنەکان ئۆکرانی بوون و رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانە بەشێکن لە چەواشەکارییەکانی رووسیا".