116 ميديا داوا لە ترەمپ دەکەن پێدانى ڤیزا بە رۆژنامەوانان سنووردار نەکات
زیاتر لە 100 رێکخراو و ناوەندی میدیایی نێودەوڵەتی و کۆمپانیای بازرگانی و پیشەسازی، لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، لەبارەی پێدانی ڤیزا بە رۆژنامەوانان داوایەکیان ئاراستەی ئەمریکا کردووە و دەڵێن، سنووردارکردنی مانەوەی رۆژنامەوانان، زیان بە پێگەی ئەمریکا دەگەیەنێت.
زیان بە پێگەی ئەمریکا دەگەیەنێت
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، 116 رێکخراو و ناوەندی میدیایی، داوایان لە واشنتن کردووە، پێدانی ڤیزا بە رۆژنامەوانانی بیانی سنووردار نەکات و ئەو پلانەی کە بەنیازن جێبەجێی بکەن زیان بە پێگەی ئەمریکا لە ناوەندە جیهانییەکان دەگەیەنێت.
راگەیەندراوەکە کە واژۆی 116 ناوەندی جیهانیی لەسەرە، باس لەوەش دەکات، پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا زیان بە چەندایەتی و چۆنایەتی گواستنەوەی رووداوەکانی ئەمریکا لەلایەن میدیا جیهانییەکانەوە دەگەیەنێت.
ئەوە لەکاتێکدایە، 28ـی ئابی ئەمساڵ، وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکا پێشنیازێکی بۆ زیادکردنی مەرجەکانی پێدانی ڤیزا و سنووردارکردنی پێدانی ڤیزا بە رۆژنامەوانان و مانەوەیان بۆ ماوەیەکی زۆر لە ئەمریکا پێشکەشکرد و بەگوێرەی پێشنیازەکە، رۆژنامەوانانی چین دەتوانن تەنیا بۆ ماوەی 90 رۆژ و رۆنامەوانانی وڵاتانی دیکەش بۆماوەی 240 رۆژ لە ئەمریکا بمێننەوە.
11/09/2025