پۆڵەندا فڕینی درۆن قەدەغە دەکات و هاتوچۆی ئاسمانیش سنووردار دەکات

کۆبوونەوەی حکومەتی پۆڵەندا و بەشداریی وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەو وڵاتە فۆتۆ: AFP
کۆبوونەوەی حکومەتی پۆڵەندا و بەشداریی وەزیری بەرگری و سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەو وڵاتە فۆتۆ: AFP

لە کۆبوونەوەیەکی گرنگ و بێپێشینەدا، حکومەتی پۆڵەندا، فڕینی درۆنی قەدەغەکرد و هاتوچۆی ئاسمانیشی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەی کە هاوسنوورە لەگەڵ بیلارووسیا، سنووردار کرد.

دامەزراوەی بەدواداچوونی جموجوڵی ئاسمانیی پۆڵەندا، ئەمڕۆ پێنجشەممە رایگەیاند، فڕینی هەموو جۆرە درۆنێکیان لە ئاسمانی وڵاتەکەیان قەدەغەکردووە و جموجوڵی ئاسمانیی نا بازرگانیشیان لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان سنووردار کردووە.

ئەو بڕیارە دوای هێرشە درۆییەکانی رووسیا بووە

دامەزراوەکە دەشڵێت، بڕیارەکە پاش هێرشە درۆنییەکەی رووسیا و لە دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممەوە جێبەجێکراوە، بەڵام زیانی بۆ هاتوچۆی فڕۆکەی مەدەنی نییە و ئامانجی بڕیارەکەش رێگرتنە لە هەڕەشەکانی سەر ئاسمانی وڵاتەکەیان.

روونیشیکردەوە، لە شەودا رێگە بە فڕینی هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بچووک کە بەرزبوونەوەی کەمیان هەیە نادرێت و لە رۆژیشدا ئەو فڕۆکانە رێگەیان پێدەدرێت کە لە بەرزیی زیاتر لە 3 کیلۆمەتر دەفڕن.

رووسیا سنووری ئاسمانی پۆڵەندا بەزاند

دوێنێ چوارشەممە، رووسیا بەچڕی ئۆکرانیای بۆردوومان کرد و ژمارەیەک درۆنیشی سنووری ئاسمانی پۆڵەندای بەزاند.

دۆناڵد توسک، سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا رایگەیاند، 19 درۆنی رووسیا سنووری ئاسمانی وڵاتەکەیانی بەزاندووە و وەزارەتی ناوخۆی پۆڵەنداش ئاشکرایکرد، درۆنەکان هێرشیان کردووەتە سەر خانوو و ئۆتۆمبێلێک و شوێنەوارى حەوت درۆنی تێکشکاویان دۆزیوەتەوە.