حکومەتی سووریا: شانەیەکی چەکداری حیزبوڵامان هەڵوەشاندەوە

وێنەیەک لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا
وێنەیەک لە شاری دیمەشقی پایتەختی سووریا

لە پێشهاتێکی نوێدا بۆ بەرپەرچدانەوەی چالاکییەکانی حزبوڵا، وەزارەتی ناوخۆی سووریا رایگەیاند، شانەیەکی چەکداریی حیزبوڵایان لە نزیک دیمەشقی پایتەختی وڵاتەکەیان دەستگیرکردووە، کە بەنیازی چالاکیی بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، هێزی یەکە تایبەتەکان بە هاوکاریی دەزگای هەواڵگریی گشتی، لە ئۆپراسیۆنێکدا لە دەوروبەری دیمەشق توانیویانە شانەیەکی چەکداریی حیزبوڵا دەستگیربکەن کە بەنیازی جموجوڵی چەکداریی بوون.

حکومەتی سووریا: شانە چەکدارییەکە بەنیازی چالاکییەکی گەورە بوون

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، بەشێک لە ئەندامانی شانە چەکدارییەکە لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانیان بەوەدا ناوە لە کامپێکی لوبنان راهێنانیان پێکراوە و بەنیازبوون لەناو خاکی سووریا ئۆپرسیۆنێک ئەنجامبدەن کە بە گوتەی حکومەتی سووریا هەڕەشە دەبێت بۆ ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان.

وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەشڵێت، لە هەڵمەتی دەستگیرکردنەکەدا دەستیان بەسەر جبەخانەیەکی شانە چەکدارییەکەی حیزبوڵادا گرتووە کە موشەکی جۆری گراد و دژە تانک و چەندین جۆری دیکەی چەک و تەقەمەنیی تیادابووە.