سەرۆکی نیپاڵ: هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان

کۆنترۆڵکردنی شەقامەمانی نیپاڵ لە لایەن هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەوە فۆتۆ: AFP
کۆنترۆڵکردنی شەقامەمانی نیپاڵ لە لایەن هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەوە فۆتۆ: AFP

خۆپیشاندەرانی نیپاڵ رایانگەیاند، پشتیوانی داواکەی سوشیلا کارکی، یەکەم دادوەری باڵای وڵاتەکەیان دەکەن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و سەرۆکی وڵاتەکەش دەڵێت، لە هەوڵدایە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکان.

دوو رۆژ پاش دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکوەزیرانی نیپاڵ و دوورخستنەوەی بەشێکی زۆر لە وەزیرەکان، سوشیلا کارکی تەمەن 73 ساڵ کە لە 2016 وەک یەکەم دادوەری باڵای نیپاڵ دەستنیشانکرا لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە  بۆ سەرکردایەتیکردنی کاتی وڵاتەکەیان پیشنیازکرا و لە یەکەم هەنگاودا داوای هەڵوەشاندندنەوەی پەرلەمانی کرد.

خۆپیشاندەرانی نیپاڵ داوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکەن

رابەرانی خۆپیشاندانەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بۆ ئەوەکرد، ئەوان پەرلەمان هەڵدەوەشێننەوە، دەستوور هەڵناوەشێننەوە.

دەشڵێن، رەنگە پێویست بکات هەندێک گۆڕانکاریی لە دەستووردا بکەن، بەڵام دەستوورەکە ناگۆڕن و وەک خۆی دەیهێڵنەوە.

هاوکات، رامچاندرا پاودێل، سەرۆکی نیپاڵ رایگەیاند، لە هەوڵدایە بۆ کۆتایهێنان بە قەیرانەکان و بۆ ئەو مەبەستەش لە راوێژدایە لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی دیاری وڵاتەکەی و هەموو هەوڵێکی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە قورسەی وڵاتەکەیان لە چوارچێوەی دەستووردا.

داواشی لە هەموو لایەنەکانی وڵاتەکەی کرد دان بە خۆیاندا بگرن و چاوەڕێی چارەسەری قەیرانەکان بن کە بەمزوانە رادەگەیەنرێت.

لای خۆشییەوە، سوپای نیپاڵ رایگەیاند، توانیویانە 200 زیندانی هەڵهاتوو دەستگیربکەنەوە کە بەهۆی فراوانبوونی خۆپیشاندانەکان و شکاندنی دەرگای زیندانەکان هەڵهاتبوون.

سوپای نیپاڵ: 200 زیندانیمان دەستگیرکردووەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پۆلیس، لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا 13 هەزار و 500 زیندانی لە زیندانەکانی نیپاڵدا هەڵهاتوون و لە ئێستادا سەرقاڵی دەستگیرکردنەوەیانن.

 ڕۆژی دووشەممەی رابردوو، هەزاران گەنجی خۆپیشاندەر دژی بڕیاری حکومەت بۆ قەدەغەکردنی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا( فەیسبووک و ئینستاگرام و واتسئەپ و ..)، ڕژانە سەر شەقامەکانی پایتەختی نیپاڵ و ناڕەزایەتییەکەش ناونرا "شۆڕشی نەوەی Z".

بەگوێرەی ڕاپۆرتی "ئیندیا تودەی" لەگەڵ پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان لە چەند شارێکی گەورەی نیپاڵ، پۆلیس چەکی سوک و تۆپی ئاوی و گازی فرمێسکڕێژی بەکارهێنا و بەهۆیەوە 19 کەس لە خۆپشاندەران کوژران و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون.