سەرۆککۆماری ئێران: کێشەی ئاو، کارەبا، گاز و بەنزینمان هەیە
ئێران کێشەی کەمئاوی، کارەبا، گاز و بەنزینی هەیە و دەریاچەی ورمێش لە وشکبوونی تەواوەتی نزیکبووەتەوە. پارێزگاکانی تاران و ئەسفەهان و قەزوینیش لە سەختترین کاتەکانی کەمئاویدان و بەهۆی رۆچوونی زەوییەشەوە، شوێنەوارە مێژوویەکانی ئێران رووبەڕووی مەترسی بوونەتەوە.
کێشەی کەمئاوی
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران لەوبارەیەوە رایگەیاند، وڵاتەکەی رووبەڕووی کێشەی جددیی کەمئاوی بووەتەوە و ئێستا پارێزگاکانی تاران، ئیسفەهان و قەزوین لە سەختترین کاتەکانی کەمئاویدان.
کێشەی کەمیی کارەبا و سوتەمەنی
پزیشکیان نەیشاردەوە وڵاتەکەی جگە لە کێشەی کەمئاوی رووبەڕووی چەندین کێشەی جۆراوجۆر لەوانە کێشەی کارەبا، سوتەمەنی، گاز و بەنزین بووەتەوە و ئەگەر ئەوانە چارەسە نەکرێن ئەوا رووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە.
رۆچوونی زەوی بووەتە مەترسی بۆ سەر شوێنەوارە مێژووییەکان
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران باسی ئەوەشیکرد، "هەنگاوی یەکەم ئەوەیە دەبێت یەکەمجار خۆمان بناسین و تواناکانی خۆمان بزانین، کە دەبێت چۆن و بۆ کوێ بڕۆین بۆ چارەسەری کێشەکانمان، دەزانن ئێستا کێشەی ئاو و خاک و کێشەی گازو بەنزین و سوتەمەنیمان هەیە، ئێستا قەزوین و ئەسفەهان و تاران بە توندی رووبەرووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە، پێمان دەڵێن ئاویان بۆ بەرن دەی ئەوە کێشەی ئێمە چارەسەر ناکات. ئەوەتا شوێنەوارەکان و ناوچە فەرهەنگییەکانمان خەریکە لە ناو دەچن، بەهۆی دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی تووشی رۆچوون بوونەتەوە، ئەگەر ئەوانە چارەسەر نەکرێن رووبەڕووی کارەسات دەبینەوە".
پێنج ساڵە وشکەساڵیی توند هەیە
قسەکانی پزیشکیان لە کاتێکدایە، پێشتر عیسا بزورگزادە، گوتەبێژی پیشەسازی ئاوی ئێران رایگەیاندبوو، پێنج ساڵە لەسەر یەک وڵاتەکەی رووبەڕووی ووشکە ساڵی توند بووتەوە بە جۆرێک، ئەمساڵ 50 شار لە 24 پارێزگای وڵاتەکە رووبەڕووی کەمئاوی توند بوونەتەوە.
دەریاچەی ورمێ لە کۆتایی تەمەنیدایە
ئاژانسی ناساش لە دوایین راپۆرتیدا وێنەی مانگی دەستکردی دەریاچەی ورمێی بڵاوکردووەتەوە رایگەیاندووە، دەریاچەکە لە کۆتاییەکانی تەمەنیدایە و لە وشکبوونی تەواوەتی نزیکبووەتەوە.
12/09/2025