پێشبينييەکانی کەشوهەوا بۆ 5 ساڵی داهاتوو دڵخۆشکەر نين؛ هاوينی گەرمتر و زستانی بێ بەفر چاوەڕێمانن
لە جەمسەری باکوورەوە تاوەکو جەمسەری باشووری گۆی زەوی، راپۆرتەکانی کەشوهەوا لەبارەی هيچ وڵاتێکەوە ئاماژەی دڵخۆشکەری تێدا نييە و پێشبينييەکان بەو ئاڕاستەيەن، کە بەرەو هاوينی گەرمتر و زستانی بێ بەفر و باران دەچين.
یەکێک لە گەرمترین ساڵەکانی مێژوو بەڕێوەیە
دەزگای کەشناسیی جيهانی، کە ناوەندێکی فەرمیی تايبەتە بە کەشوهەوا، پێشبينييەکانی کەشوهەواى بۆ پێنج ساڵی داهاتوو بڵاوکردووەتەوە.
لە راپۆرتی ناوەندەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بە رێژەی %80 ئەگەری هەیە، يەکێک لە ساڵەکانی پێنج ساڵی داهاتوو گەرمترين ساڵ بێت، کە لە مێژوودا تۆماربکرێت، کە ساڵی 2024یش تێپەڕێنێت لەڕووى گەرمترینەوە.
دوو سەردەمی کەشوهەوا
شارەزايان و توێژەرانی کەشناسی، کەشوهەوای جيهان بەسەر دوو سەردەمدا دابەشدەکەن، ئەوانيش پێش و پاش سەرهەڵدانی پيشەسازييە لە جيهاندا لە ساڵی 1900.
"لە پێنج ساڵی داهاتوودا پلەی گەرمای زەوی 1.5 پلە تێدەپەڕێنێت"
ئەو شارەزایانە پلەیەکی گەرمييان بۆ جيهان داناوە، کە دەڵێن، لەدوای سەرهەڵدانی پيشەسازييەوە زەوی بە رێژەی زياتر لە 1.5 پلەی سيليزی گەرمبووە، ناوەندی کەشناسیی جيهانيیش لە راپۆرتە نوێيەکەيدا دەڵێت، بە رێژەی %86 ئەگەر هەيە لە پێنج ساڵی داهاتوودا ئەو پلەيە بەرزتربێتەوە و زەوی گەرمتربێت.
دەزگای وزەی نێودەوڵەتی: عێراق لە هەر 10 ساڵێکدا 0.48 پلە گەرمبووە
وڵاتى نێوان دوو رووبار ياخود عێراق، بە هەرێمی کوردستانيشەوە، لەم گۆڕانکارييە جيهانييە بەدەر نابن، بەگوێرەی راپۆرتی دەزگای وزەی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2000 تاوەکو 2023 عێراق لە هەر 10 ساڵێکدا 0.48 پلە گەرمبوونی بە خۆوە بينيوە، لەکاتێکدا گەرمبوونى تێکڕای جيهانی، 0.37 پلەيە.
کەمئاوی و وشکەساڵی ناوچەکە دەگرێتەوە
هەر بەگوێرەی پێشبينييەکانى دەزگاکە، کاريگەرييەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لە ساڵی 2026دا لە عێراق بەجۆرێک دەبێت پلەکانی گەرما بەرزتر دەبنەوە، بارانبارين بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمتر دەبێت، ئەو بارانەی پێشبينی دەکرێت ببارێت، بەجۆرێک دەبێت کە مەترسیی لافاو دروستدەکات، کەمئاوی و وشکەساڵی و خۆڵبارين ناوچەکە دەگرێتەوە.
ئومێدێک بۆ باشترکردنی کەشوهەوا
سەرەڕای ئەو رەشبينييەی لەبارەی کەشوهەواوە هەيە، هێشتا ئومێدێک هەيە بۆ ئەوەی رێگریی لە خراپتر بوونی ئەو بارودۆخە جيهانييە بکرێت.
پێشنیازەکانى کەمکردنەوەی دەردانی گازە ژەهراوييەکان و چەند هەنگاوێکی ديکە، هۆکارن بۆ رێگریی لە خراپتربوونى دۆخەکە، بەڵام ئاستەنگە گەورەکەی بەردەمی، پابەند نەبوونی وڵاتانی خاوەن پيشەسازييە.
12/09/2025