ئاژانسی ناسا هاوڵاتیانی چین لە دامەزراوەکەیدا سنووردار دەکات

ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ناسای سەر بە ئەمریکا، رێگری لە هاوڵاتیانی چینی دەکات کە سەربەخۆیانە کار لە دامەزراوەکەیدا بکەن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی بلومبێرگ، ئەو هاوڵاتییە چینییانەی لە ناسا کاردەکەن، لە سەرەتای مانگی ئەیلولی ئەمساڵدا، بۆیان دەرکەوتووە هەموو دەستڕاگەیشتنێکیان بە سیستم و دامەزراوەکانی ناسا راگیراوە.

ناسا هەواڵەکەی بلومبێرگی پشتڕاستکردووەتەوە و رایگەیاند، هاوڵاتیانی چین سنووردار دەکرێن لە بەکارهێنانی "ئامراز، کەرەستە و تۆڕەکانی دەزگاکە بۆ دڵنیابوون لە ئاسایشی کارەکانمان".

پێشتریش کەشتیوانانی ئاسمانیی چینی، لە وێستگەی نێودەوڵەتیی بۆشایی ئاسمان دوورخراونەتەوە، چونکە واشنتۆن رێگری لە ناسا کردووە کە داتاکانی لەگەڵ چین هاوبەشی پێبکات.

ئەم بڕیارەی ناسا واتای کەمبوونەوەی هاوکاریی زانستی نێوان هەردوولایە بەهۆی نیگەرانییەکانی ئاسایشی نیشتمانی.

هاوڵاتییە چینییەکان چیدیکە رێگەیان پێنادرێت بچنە ناو سیستمی داتاکانی ئاژانسەکە و ڕێگرییان لێدەکرێت بەشداری لە کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە کارەکانیان بکەن.

کێبڕکێی نێوان چین و ئەمریکا تاوەکو دێت گەرمتر دەبێت، هەر یەکەیان کێبڕکێیانە تاوەکو ببنە پێشەنگ لە بوارە تەکنەلۆجییەکان و ئێستا هەردوو وڵات کاردەکەن بۆ ناردنی کەشتیوانەکانیان بۆ سەر مانگ.