ماسی ئەگەر لە قوتونراویش بێت بخورێت باشترە لەوەی نەخورێت
ماسی یان خۆراکە دەریاییەکان بە گشتی، ئەو جۆرەی خۆراکن کە نابێت بە هیچ جۆرێک پشتگوێبخرێن، چونکە هەندێک بەهای خۆراکییمان دەدەنێ کە جەستە ناتوانێت بەرهەمیان بهێنێت.
ماسی چ بەهایەکی خۆراکیی تێدایە؟
ماسی دەوڵەمەندە بە چەندین بەهای خۆراکیی گرنگ، بۆ نموونە یەکێکە لە سەچاوە زۆر باشەکانی پڕۆتین، ترشەچەوریی ئۆمێکا3، ڤیتامین دی، بی12 و بی2، هاوکات ماسی دەوڵەمەندە بە کانزا گرنگەکانی وەکو یۆد، زینک، ئاسن و کالسیۆم.
سوودە تەندروستییەکانی ماسی چین؟
هەموو ئەم بەها خۆراکییانەی لەناو ماسیدا هەن، وایان کردووە کە خۆراکێکی تەندروست بێت و سوودە تەندروستییەکانیشی زۆر بن، بۆ نموونە ماسی سوودی زۆری هەیە بۆ تەندروستیی دڵ، بەتایبەتی بۆ ئەو کەسانەی کە خۆیان گرفتەکانی دڵیان هەیە، چونکە وادەکات فشاری خوێن کەمببێتەوە، مەترسیی دروستبوونی کڵۆی خوێن کەمدەکاتەوە و رێژەی چەوریی خراپی خوێن کەمدەکاتەوە، هەموو ئەمانەش وادەکەن مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشک کەمببێتەوە.
واتە گرنگە تووشبووانی نەخۆشییەکانی دڵ لە جیاتی گۆشتی سوور ماسی بخۆن.
هاوکات ماسی بۆ تەندروستیی چاوەکان، سیستمی بەرگری، دەروون، خانمانی دووگیان گرنگە.
ئەگەر ماسی لەگەڵ ماست یان شیر بخۆیت تووشی بەڵەکییت دەکات؟
یەکێک لە هەڵەتێگەیشتنە باوەکان کە لەسەر ماسی هەیە، ئەوەیە کە گوایە خواردنی ماسی لەگەڵ شیر یان ماست تووشی بەڵەکیی پێستت دەکات، بەڵام ئەمە هیچ بەڵگەیەکی زانستیی نییە و دوورە لە راستییەوە.
ئاساییە ماسی بە کاڵی بخورێت؟
بەشێکی خەڵکی حەزیان لە خواردنی سووشییە و ئەم خواردنەش بە زۆری ماسیی سەلەموونی کاڵی تێدا بەکاردەهێنرێت.
وەکو هەر جۆرە گۆشتێکی دیکە، ماسیش دەکرێت هەڵگری بەکتریا، ڤایرۆس و مشەخۆر بێت، هەربۆیە گرنگە ماسییەکە لە ساردکەرەوەدا دانرابێت، ئەو کەسەی مامەڵەی لەگەڵ دەکات کەسێکی شارەزا بێت، واتە ئاگاداری هەموو ئەو کەرەستانە بێت کە بەکاریدەهێنێت و دڵنیا ببێتەوە لە پاکوخاوێنیی ماسییەکە.
واتە بە گشتی ئەگەر کەسەکە شارەزا بێت، لە ساردکەرەوە داینابێت، مەترسییەکی گەورە لەسەر تەندروستی دانانێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەسەی دەیخوات کەسێکی پێگەیشتوو و تەندروست بێت.
بەڵام نابێت منداڵ، کەسانی بەتەمەن، خانمانی دووگیان و ئەو کەسانەی بە هەر هۆکارێک سیستمی بەرگرییان لاوازە، ماسی بە کاڵی بخۆن.
کامیان باشترە؟ ماسیی برژاو یان ماسیی سوورەوەکراو؟
گرنگە بزانرێت کە لە سوورکردنەوەی ماسیدا، لەبەرئەوەی لەماوەیەکی کەمدا ماسییەکە ئامادەدەبێت، بەها خۆراکییەکانی تێدا دەمێنن، بەڵام ئەوەی گرفتە ئەو رۆنە زۆرەیە کە بەکاردەهێنرێت، چونکە کالۆریی بۆ ماسییەکە زیاددەکات و کەمێک ناتەندروست دەبێت.
باشتر وایە زەیتی زەیتوون لە سوورکردنەوەیدا بەکاربێت، و ئەگەر کەسەکە تەنیا بە سوورکراوەیی ماسیی خوارد، باشترە بیخوات وەک لەوەی لە ترسیی چەوری و رۆنەکە ماسی تەرک بکات.
سەبارەت بە برژاندنی ماسی، ئەم جۆرە ئامادەکردنە تەندروستترە، چونکە رۆنی تێدا بەکارنایەت و زۆرینەی بەهاخۆراکییەکانیش دەمێننەوە، بەڵام لەم جۆرەشدا پێویستە دووربکەوینەوە لە زۆر برژاندنی ماسییەکە و دروستبوونی ماددەی رەشی زیانبەخش.
ئایا ماسیگرتن چالاکییەکی سوودبەخشە؟
لە چەندین توێژینەوەی جیاوازدا دەرکەوتووە، ماسیگرتن چالاکییەکی سوودبەخشە بۆ دەروون و وادەکات خەمۆکی و بیری خۆکوژی کەمببێتەوە.
هاوکات لە توێژینەوەیەکی ساڵی 2023ـدا دەرکەوتووە کە ماسیگرتن هۆکاربووە بۆ کەمکردنەوەی گووشاری دەروونیی پەیوەست بە کۆرۆنا لە ناو ماسیگراندا بەرێژەی %68.
ماسیی حەوز خراپە؟
ئەگەر بەراوردێک لە نێوان ماسیی حەوز و ماسیی دەریادا بکەین، دەبینین هەریەکێکیان سوود و زیانی تایبەت بە خۆیان هەیە.
بۆ نموونە ماسیی حەوز بەهای خۆراکیی کەمترە بەراورد بە ماسیی دەریا، بەڵام ئەو ماددە زیانبەخشانەشی لە جەستەیاندا هەن کەمترن.
کەواتە پێویست ناکات لە خواردنی ماسیی حەوز بترسین، چونکە راستە بەهای خۆراکییان کەمترە، بەڵام واتای ئەوە نییە کە سوودیان نییە و هیچ بەهایەکی خۆراکیی باشیان تێدا نییە، لە هەمان کاتدا دووریش دەبین لەو هەموو ماددە زیانبەخشەی بەهۆی پیسبوونی دەریاکانەوە دەچنە جەستەی ماسییەکان.
ئەمە لەکاتێکدا ئەگەر کەسانی پسپۆڕ ئاگاداری حەوزی ماسییەکان بن.
ئایا ماسیی قوتو خراپە؟
نەخێر، ماسیی قوتو جۆرێکی باشیی ماسییە و دەوڵەمەندە بە ئۆمێگا سێ، هەربۆیە پێویست ناکات لێی بترسین، باشترە ماسیی لەقوتونراو بخۆین وەک لەوەی هەر نەیخۆین.
لە هەفتەیەکدا چەند ژەم ماسیی بخۆین؟
باشترە هەفتەی دوو جار ماسی لە ژەمەکانماندا هەبێت، و هەر ژەمێک کەمتر نەبێت لە 150 گرام.
13/09/2025