بەردێکی مەریخ دەکرێت بەهێزترین نیشانەی ژیانی تێدابێت

بەردێکی سەر هەسارەی مەریخە کە وێنەکەی لەلایەن پێرسڤیرانسی ناساوە چرکێندراوە
بەردێکی سەر هەسارەی مەریخە کە وێنەکەی لەلایەن پێرسڤیرانسی ناساوە چرکێندراوە

چەند بەردێکی نائاسایی لەسەر مەریخ دۆزراونەتەوە، دەکرێت ئەم بەردانە بەهێزترین بەڵگەی هەبوونی ژیانیان تێدابێت لەسەر هەسارە سوورەکە.

بەردەکان لە رووبارێکی وشکبوو، لەلایەن رۆبۆتی پێرسڤیرانسی ئاژانسی ناسا دۆزراونەتەوە کە لە ساڵی 2021، گەیشتە سەر رووی مەریخ و گەڕانەکانی لەسەر هەسارەکە دەستپێکرد.

زانایان پێیان وایە ئەو کانزایانەی لە بەردەکاندایە بەهۆی کارلێکی کیمیاییەوە بەرهەم دەهێنرێن، ئەو نیشانانەی لەسەر بەردەکان هەیە بەهۆی میکرۆبەوە دروستبوون کە لەسەر زەویش بەهەمان رێگا دروست دەبن.

رۆژی پێنجشەممە، 11ـی ئەیلولی 2025، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناسا رایگەیاند، ئەمە دەکرێت روونترین نیشانەی ژیان بێت کە تاوەکو ئێستا لەسەر هەسارەکە دۆزرابێتەوە.

بەردەکان تەمەنیان نزیکەی 3.5 ملیار ساڵە، جۆرێکە لە بەرد کە پێی دەوترێت بەردی قوڕین.

تاکە رێگە تاوەکو پشتڕاستبکرێتەوە ئایا کانزاکان لەلایەن میکرۆبەکانەوە دروستکراون یان نا؟، هێنانەوەی بەردەکانە بۆ سەر زەوی، ئەرکێک بۆ گەڕاندنەوەی نموونەکان پێشنیازکراوە، بەڵام داهاتووی نادیارە، بەوپێیەی بودجەی ئاژانسەکە بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا، کەمدەکرێتەوە.

پێرسڤیرانس چەندین ئامێری لە تاقیگەی ناو کەشتییەکەیدا بەکارهێناوە بۆ شیکردنەوەی کانزاکانی ناو بەردەکان، پاشان ئەم زانیارییانەی ناردووە بۆ سەر زەوی تاوەکو زانایان لێکۆڵینەوەی لێبکەن.