40 ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی یاریی سوپەر ماریۆدا تێدەپەڕێت

یاریی ئەلیکترۆنی سوپەر ماریۆ برۆس، بۆ یەکەمجار لە 13ـی ئەیلولی ساڵی 1985، واتە 40 ساڵ لەمەوپێش لەلایەن کۆمپانیای نێنتێندۆوە لە ژاپۆن راگەیەندرا.

یارییەکە بەشێوەیەکە کە گەیمەران کۆنترۆڵی کارەکتەرەی ماریۆ دەکەن، لە جیهانێکی رەنگاورەنگی پڕ لە بۆری و دوژمنە سەرسەختەکانی، کارەکتەری ماریۆ دەتوانێت تەنیا لە چەپەوە بۆ راست رابکات، هەموو ئەمانە لەگەڵ موزیکێکدا کە دەیان ساڵە لە مێشکماندا چەسپیوە.

کارەکتەری ماریۆ لەلایەن دیزاینەری ئەفسانەیی یارییەکانەوە شیگێرو میامۆتۆ دروستکراوە، سەرەتا لە ساڵی 1981، لە یاریی دۆنکی کۆنگدا دەرکەوت و بە پیاوی بازدانەکە ناسرابوو، دواتر هەمان کارەکتەر، ناوی ماریۆی وەرگرت، دواتر ماریۆ بووە بۆریچییەک لە یاریی ماریۆ برۆس، پێش ئەوەی رۆڵی سەرەکی پێبدرێت لە یاریی سوپەر ماریۆ برۆسدا.

ناوی ماریۆ، بە ناوی هەمان ئەو کەسەوە ناونراوە کە کۆگایەکی بە کرێ دابوو بە کۆمپانیای نێنتێندۆ و ناوی ماریۆ سگێڵ بوو، کاتێک لە ساڵی 1981، کۆمپانیای نێنتێندۆ نەیدەتوانی کرێی کۆگاکە بدات، ماریۆ سگێڵ هەلێکی دیکەی پێدان، هەر بۆیە بڕیاریاندا کارەکتەرە نوێکەیان ناو بنێن ماریۆ.