ئۆکرانیا هێرشی ئاسمانی بەرفراوان دەکاتە سەر رووسیا
لە درێژەی بەردەوامی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەی لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، 361 درۆنی ئۆکرانی خستووەتەخوارەوە.
رووسیا: 361 درۆنی ئۆکرانیامان خستووەتەخوارەوە
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئینتەرفاکسی رووسیا، کە لە زاری بەرپرسێکی باڵا لە وەزارەتی بەرگریی رووسیا بڵاویکردەوە، ئۆکرانیا هێرشێکی درۆنی فراوانی کردووەتە سەر چەند ناوچەیەک و بەهۆیەوە تاوەکو ئێستا توانیویانە 361 درۆن بخەنەخوارەوە.
هاوکات، بەگوێرەی وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی شەممە، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەکەیان لە شەوێکدا 42 درۆنی ئۆکراینییان لە ئاسمانیی وڵاتەکەدا خستووەتەخوارەوە.
درۆنێک ئاگری بە پاڵاوگەیەکی نەوتی رووسیادا خستووەتەوە
سەرەتای هەفتەى ڕابردووش، بەرپرسێکی باڵای کرێملن رایگەیاند، درۆنێک کە لە ئۆکرانیاوە هەڵدرابوو کەوتووەتە سەر یەکێک لە گەورەترین پاڵاوگەکانی نەوت لە ناوەڕاستی رووسیا و بەهۆیەوە ئاگرێک کەوتووەتەوە و زیانێکی کەمی هەبووە.
رۆمانیا بە فڕۆکەی F16 بەپەرچی درۆنی رووسیا داوەتەوە
ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتی بەرگریی رۆمانیا رایگەیاندووە، درۆنێکی رووسیا ئاسمانیی وڵاتەکەیانی بەزاندووە و فڕۆکەیەکی F-16ی سەربە وەزارەتەکەیان رێگریی لێکردووە.
14/09/2025