ئەپێکی نوێی سۆنی کۆنترۆڵی زیاتر بە دایک و باوک دەدات

کۆمپانیای سۆنی، ئەپڵیکەیشنێکی تایبەتی بۆ ئامێرەکانی پلەیستەیشن راگەیاند کە کۆنترۆڵی زیاتر بە دایکان و باوکان دەدات، لەبارەی کات و جۆری ئەو یارییانەی منداڵەکانیان رۆژانە ئەنجامیدەدەن.

ئەپڵیکەیشنەکە ناوی "PlayStation Family"ـیە، ژمارەیەک ئامرازی تێدایە کە رێگە بە دایکان و باوکان دەدات، چالاکیی منداڵەکانیان لەسەر ئامێرەکانی پلەیستەیشن بەڕێوەببەن، ئەپەکە بۆ هەردوو سیستمی ئای ئۆ ئێس و ئەندرۆید بەردەستدەبێت.

دایکان و باوکان دەتوانن ئاگاداری چالاکی رۆژانەی منداڵەکانیان بن، هەروەها ئەو یارییانەی کە دەیکەن و کاتی تەرخانکراویان بۆ یاریکردن.

کۆمپانیای سۆنی لەمێژە ئامرازەکانی کۆنترۆڵی دایک و باوک پێشکەش دەکات، بەڵام ئەمجارە بە چەند ئامرازێکی نوێوە، لە ئەپڵیکەیشنێکدا کۆیکردوونەتەوە.

دایکان و باوکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ دەتوانن بزانن منداڵەکانیان چ یارییەک دەکەن، هەروەها ئەگەر داوای کاتی زیادە بکەن بۆ یاریکردن، دەتوانن لەرێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە پەسەندی بکەن یاخود رەتی بکەنەوە.

راپۆرتی رۆژانە و هەفتانەی ئەپەکە، رێگە بە دایکان و باوکان دەدات بزانن، منداڵەکانیان چەند کاتیان لە یاریکردندا بەسەربردووە و کام یارییەیان زۆرترین جار کردووە.

خستنەبازاڕی ئەم ئەپڵیکەیشنە لەلایەن سۆنییەوە لەکاتێکدایە، چاودێران داوای پاراستنی سەلامەتیی منداڵان دەکەن، لەناو جیهانی یارییە ئەلیکترۆنییەکاندا.