پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی پێشمەرگە؛ یەکەی 80 پەسەند کراوە، یەکەی 70 لە چاوەڕوانیدایە

یەکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی مەشق و راهێناندا
یەکەیەکی هێزەکانی پێشمەرگە لە کاتی مەشق و راهێناندا

دوای دوو ساڵ لە دواکەوتن، پرسی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە سەرلەنوێ گەرم بووەتەوە. بەگوێرەی بەدواداچوونی کەناڵ8، سێ لیستی ئەفسەرانی دیوان و لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە، لەگەڵ چوار لیستی ئەفسەرانی یەکەی 80 پەسەند کراون، بەڵام چوار لیستی یەکەی 70 تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراون و فەرمانی هەرێمییان بۆ دەرنەکراوە.

پەسەندکردنی لیستەکان و گەڕانەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران

لیستەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی دیوان و لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئەیلولی 2023، نەورۆزی 2024 و ئەیلولی 2024، لەگەڵ لیستەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی یەکەی 80 بۆ ئەیلولی 2022، نەورۆزی 2023، ئەیلولی 2023 و نەورۆزی 2024، لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان پەسەند کراون و فەرمانی هەرێمییان بۆ دەرچووە. ئەم فەرمانانە لە مانگی ئازاری ئەمساڵەوە گەڕێندراونەتەوە ئەنجوومەنی وەزیران.

وەستاندنی کارکردن بە فەرمانە هەرێمییەکان

بەگوێرەی بەدواداچوونی کەناڵ8، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا کارکردنی بە فەرمانە هەرێمییەکان راگرتووە و ناوی ئەفسەرانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەگەڕاندووەتەوە. ئەمەش وای کردووە، کە دەست بە رێکارە کارگێڕی و سەربازییەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەو ئەفسەرانە نەکرێت کە شایستەن. سەرەڕای ئەوەی ئەم ئەفسەرانە بەڵێننامەیان پڕکردووەتەوە، کە داوای قەرەبووی ماف و شایستەکانی ماوەی رابردوو نەکەن بەهۆی بەرزکردنەوەی پلەکانیان.

دۆخی ئەفسەرانی یەکەی 70

لەبارەی ئەفسەرانی یەکەی 70، بەدواداچوونەکە ئاشکرای دەکات، کە چوار لیستی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی یەکەی 70 نێردراوەتە ئەنجوومەنی وەزیران. چەند جارێکیش لیستەکان گەڕێندراونەتەوە یەکەی 70 بۆ پێداچوونەوە. هەرچەندە بۆ دوایین جار لیستەکان بەو شێوەیەی ئەنجوومەنی وەزیران داوایکردووە ئامادەکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا فەرمانی هەرێمییان بۆ دەرنەچووە و لیستی پلەبەرزکردنەوەیان پەسەند نەکراوە.

رێکارەکانی پلەبەرزکردنەوە

ساڵانە لە هەردوو مانگی نەورۆز و ئەیلول، بەگوێرەی رێکارە کارگێڕییەکان، بەشێک لەو ئەفسەرانەی، کە چوار ساڵ و زیاتر بەسەر مانەوەیان لە هەمان پلە تێپەڕیوە، پلەکانیان بەرزدەکرێتەوە. پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران پێویستی بە فەرمانی هەرێمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان.