پاش پچڕانێکی سەرتاسەری ستارلینک دەستی بە کارکردن کردەوە
ئەمڕۆ لە سەرانسەری جیهاندا، پچڕانێکی کورت لە ستارلینک، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی مانگی دەستکردی ئیلۆن مەسک روویدا، کاریگەریی لەسەر هەزاران کەس، بەتایبەتی هێزە سەربازییەکانی ئۆکرانیا دروستکرد.
بەگوێرەی ماڵپەڕی داوندیتێکتەر، کە تۆڕێکی تایبەتە بە بەدواداچوونی پچڕانی خزمەتگوزارییە ئەلیکترۆنییەکان، زیاتر لە 37 هەزار بەکارهێنەری ئەمریکی، دووشەممە، 15ـی ئەیلولی 2025، کاتژمێر 12:30 خولەکی بەیانی بە کاتی ناوەندی ئەمریکا، رایانگەیاند کێشەیان لە بەکارهێنانی ستارلینک هەیە، بەگوێرەی ماڵپەڕەکە پاش تێپەڕبوونی کاتژمێرێک، ستارلینک دەستی بە کارکردن کردووەتەوە.
سەربازانی ئۆکرانیا بەشێوەیەکی بەرچاو پشت بە ئینتەرنێتی ستارلینکی ئیلۆن مەسک دەبەستن، فەرماندەی هێزی سیستمی بێ سەرنشینی ئۆکرانیا، لە تۆڕی تێلیگرام وتی، خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی ستارلینک، لە نزیکەی کاتژمێر 7:30 بەیانی بە کاتی کیێڤ لەکار کەوتووە، کاریگەری لەسەر هێڵی پێشەوەی شەڕی ئۆکرانیا لەگەڵ رووسیا دروستکردووە.
ستارلینک لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس رایگەیاند :" "ستارلینک لە ئێستادا تووشی پچڕانی خزمەتگوزارییەکەی بووە، تیمەکەمان لێکۆڵینەوە دەکەن"، هەرچەندە دواتر پۆستەکە سڕدرایەوە و تاوەکو ئێستاش هۆکاری پچڕانەکە ئاشکرا نەکراوە.
ستارلینک کە زیاتر لە شەش ملیۆن بەکارهێنەری لە جیهاندا هەیە، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی خێرا پێشکەش دەکات بە بەکارهێنانی تۆڕێکی گەورەی مانگی دەستکرد، لە خولگەی نزمی زەویدا، ئەمەش وادەکات ئینتەرنێت بگاتە ناوچە سەخت و دوورە دەستەکان، یاخود ئەو ناوچانەی شەڕ و ململانێی تێدایە.
15/09/2025