قەتەڕ و ئیسرائیل؛ نە دۆست نە دوژمن
بە درێژایی چەندین ساڵ، پەیوەندییەکانی قەتەڕ و ئیسرائیل، بەهۆی پرسی فەڵەستین، لە هەڵکشان و داکشانێکی بەردەوامدا بووە. ئیسرائیل لەگەڵ فەڵەستینییەکان لە جەنگدایە و قەتەڕیش پشتیوانی چارەسەری دوو دەوڵەتی دەکات.
لەساڵی 1996 بەشێوەیەکی نا فەڕمی، قەتەڕ پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکرد و پاش دەوڵەتی عومان بووە دووەم وڵاتانی عەرەبی کە پەیوەدییان لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکرد، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئوردن و ئیسرائیل.
قەتەڕ و ئیسرائیل لە ساڵی 1996 بە نافەڕی پەیوەندییان هەیە
پەیوەندی ئیسرائیل و قەتەڕ تاوەکو ساڵی 2009 لە ئاستی بازرگانیدا مایەوە، بەڵام بەهۆی دەستپێکردنی یەکەم جەنگی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە کە بە ئۆپراسیۆنی کاست لید ناسرابوو و تێیدا هەزار و 400 فەڵەستینی کوژران پەیوەندییە بازرگانییەکەش تێکچوو، کۆنفرانسی وڵاتانی عەرەبیش بەهەمان بۆنە لە دەوحەی پایتەختی قەتەڕ بەسترا کە تێیدا سەرکردەکانی حەماس وەک نوێنەری فەڵەستین بەشدارییان تێداکرد.

رێککەوتنی نێوان قەتەڕو ئیسرائیل بۆ رێگەدان بە ناردنی پارەی قەتەر بۆ کەرتی غەززە
لێدوانێکی شێخ حەمەد بن جاسم ئەلسانی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی قەتەڕ لە مانگی نیسانی 2013 پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و قەتەڕی بەرەو هێورکردنەوە برد کە رایگەیاند، لەبری سووربوون لەسەر پاراستنی سنوورەکانی فەڵەستین بەگوێرەی رێککەوتنی ساڵی 1967 دەکرێت رێککەوتنی ئاڵوگۆڕی خاک بکرێت، لێدوانەکە لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشوازی لێکرا و بە ئاماژەیەکی ئەرێنی گرنگ لێکدرایەوە.
بەڵام دواتر لەساڵی 2014 قەتەڕ کەوتە بەر نەشتەری رەخنەی توندی سەرکردەکانی ئیسرائیل و بە پشتیوانیکردنی حەماس وەک رێکخراوێکی تیرۆرست تۆمەتبارکرا.
هەر ئەوکات، ئەڤیگدۆر لیبەرمان، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل داوای دەرکردنی رۆژنامەوانانی سەر بە کەناڵی جەزیرەی قەتەڕی کرد.
ئیسرائیل قەتەڕی بە پشتیوانیکردنی حەماس تۆمەتبار کردووە
دواتر لە مانگی ئازاری 2015 پاش ئەوەی شاندی قەتەڕی لەلایەن میسڕەوە رێگەیان پێنەدرا بچنە دەروازەی رەفەح، حکومەتی قەتەڕ پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل دروستکرد داوای لێکرد رێگە بە بردنی کەرەستەی دروستکردنی بیناسازیی بدات بۆ ناو کەرتی غەززە، هەنگاوەکەش لەلایەن فەڵەستینەوە سەرکۆنەکرا و بە هەوڵێک بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەقەڵەمدا.

ساڵی 2015 قەتەڕ پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ ئیسرائیل دروستکرد
پاش ئەوە، هەوڵەکانی قەتەڕ بۆ نێوەندگیری ئیسرائیل و حەماس دەستیپێکرد و لە حوزەیرانی 2015 ئاسانکاری بۆ کۆبوونەوەیەکی نێوان حەماس و ئیسرائیل کرد کە ئامانج لێی راگەیاندنی ئاگربەستێکی پێنج ساڵە بوو لەنێوان هەردوولا.
جارێکی دیکە لە مانگی حوزیرانی 2017 پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و قەتەڕ تووشی گرفت بوو کاتێک ئیسرائیل بڕیاریدا بە فەڕمی نووسینگەکانی کەناڵی جەزیرە لە وڵاتەکەی دابخات و ستافەکەشی دەرکرد.
قەتەڕ رۆڵی نێوەنگیری نێوان حەماس و ئیسرائیل بینیووە
پاش دروستبوونی دوایین خولی جەنگی غەززە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 و لە هەمان ساڵدا، قەتەڕ بە رۆڵێکی نێوەندگیری هەستا و بەهۆیەوە و ئاگربەستێکی کاتی راگەیەنرا و زیاتر لە 100 بارمتەی ئیسرائیلیش لەبەرامبەر 240 زیندانی فەڵەستینیدا ئازادکران.

بەوجۆرە رۆڵی نێوەندگیری قەتەڕ بەردەوامبوو تاوەکو 9ی ئەم مانگە کاتێک ئیسرائیل، بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت لە قەتەڕ و ئەمریکا، هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر شوێنی مانەوە و گفتوگۆی سەرکردە سیاسییەکانی حەماس لە دەوحە، ئەوەش ئاگری بەردایە پەیوەندییەکانی نێوان دەوحە و تەلئەڤیڤ تاوەکو گەیشت بەوەی ئەمڕۆ بەرپرسانی قەتەڕ میوانداری لوتکەی نائاسایی عەرەبی- ئیسلامی بکات بۆ تاوتوێکردنی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشەکانی ئیسرائیلدا.
15/09/2025