ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە؛ چارەنووسی مووچە و نەوتی هەرێم لە بەردەم بڕیاردا
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدەدات و چاوەڕوان دەکرێت پرسی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان، کە پەیوەستە بە مووچەی فەرمانبەران لە ئەگەری یەکلاییبوونەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە، تاوتوێ بکرێت. ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە گفتوگۆکان لەبارەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم و دابینکردنی شایستە داراییەکان بەردەوامن.
مووچەی هەرێم لە چاوەڕوانی یەکلاییبوونەوەدا
بەگوێرەی زانیارییەکان، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی و ئیسلامی لە قەتەڕ لەگەڵ وەزیرە کوردەکان کۆبووەتەوە. باس لە پرسی مووچە، داهاتی نانەوتیی هەرێم و رێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغداد کراوە. پێشتر سەرچاوەیەک لە شاندی دانوستانکاری هەرێم ئاماژەی بەوە دابوو، کە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، لە شەش مووچەی کۆتایی ساڵ، تەنیا سێ مووچە دابەش دەکرێت و چارەنووسی سێ مووچەکەی دیکە نادیار دەبێت. کێشەی سەرەکی لە دابەشکردنی مووچە لێکدانەوەی جیاوازی هەردوو حکومەتە بۆ داهاتی نەوتی و نانەوتی، بۆیە پرسەکە رەوانەی ئەنجوومەنی دەوڵەت کراوە.
نەوتی هەرێم و داخوازییەکانی ئەپیکۆر: کێشەیەکی چارەسەرنەکراو
لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم، حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق، جەختی لە پێشنیازی نوێ لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر کردووەتەوە و رەشنووسێکی نوێ ئامادەیە. گوتەبێژی ئەپیکۆر بە کەناڵ8ی راگەیاندووە، کە ئێستا کار لەسەر گرێبەستێکی نووسراو و گرەنتیکراو دەکەن کە ماف و شایستە داراییەکانیان مسۆگەر بکات. داواکارییەکانی ئەپیکۆر نەگۆڕاون کە بریتین لە وەرگرتنەوەی یەک ملیار دۆلار قەرزی پێشوو، گرەنتیکردنی شایستەکانی داهاتوو، کردنەوەی هەژماری بانکی لە ئەمریکا، پێداچوونەوە بە تێچووی دەرهێنان و چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان.
بەغداد و هەرێم; لێکدانەوەی جیاواز و پلانی جێگرەوە
سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراق لە وەڵامی داواکارییەکانی ئەپیکۆردا دەڵێن، دەستوور و بودجەی عێراق گرەنتین و دەبێت یاسا و دادگای عێراق حاکم بن. بەغداد داوا دەکات 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ پێداویستیی ناوخۆی هەرێم و 180 هەزار بەرمیل بۆ هەناردەکردن لە رێگەی تورکیاوە ئامادە بکرێت.
بەهۆی کێشەکانی بەغداد و ئەپیکۆر، عێراق پلانێکی جێگرەوەی داناوە و بە هەولێری گوتووە: "وەرە 50 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە بۆ خۆت ببە و کۆی ئەو نەوتەی بەرهەمیدەهێنیت لە دەرەوەی ئەپیکۆر، بیدەرە پاڵاوگەکانمان بۆ پاڵاوتن، بەمەش کۆتایی بە هەناردەکردن دێت لە رێگەی تورکیاوە." بەڵام بەغداد ئامادە نییە هەمان تێچووی 16 دۆلار بۆ نەوتی ناوخۆ بدات.
هەڵوێستی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێم لە نووسراوێکدا بە وەزارەتی نەوتی عێراقی راگەیاندووە، کە بەرهەمی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێم گەیشتووەتە 270 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا. نزیکەی 110 بۆ 120 هەزار بەرمیل لەم بڕە لە رێگەی کۆمپانیا خۆماڵییەکانەوە بەرهەمدەهێنرێت. وەزارەتەکە ئامادەیی دەربڕیوە، کە دوای گلدانەوەی 50 هەزار بەرمیل نەوت، 60 بۆ 70 هەزار بەرمیل نەوتی دیکە رادەستی سۆمۆ بکرێت. هەروەها ئامادەیی نیشانداوە، کە هەناردەکردنی نەوت دەستپێبکاتەوە بەبێ ئەو نەوتەی لای ئەپیکۆرە و بە روونی بە بەغدادی گوتووە داواکاریی کۆمپانیاکانی نەوت جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی کۆی 270 هەزار بەرمیل نەوتی خاو، دوای دابینکردنی 50 هەزار بەرمیل بۆ پێداویستیی ناوخۆ، رادەست بکرێت.
خەرجییەکان و ئاڵۆزییەکان
لە یاسای بودجەی عێراقدا 16 دۆلار بۆ خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم دیاریکراوە. بەڵام داواکاریی کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر بۆ گرەنتی دارایی لە بەغداد، وایکردووە تا ئێستا هەناردەکردنی نەوتی هەرێم دەستپێنەکاتەوە. ئەگەر هەرێم بەبێ کۆمپانیاکانی ئەپیکۆر (کە 60 بۆ 70 هەزار بەرمیلە) نەوت رادەست بکات، عێراق بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکانی بەکاریدەهێنێت، چونکە هەناردەکردنی بڕی کەمتر لە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە خەرجیی زۆرتر دەبێت.
16/09/2025