مەرزیە فەریقی.. سیمبولی شۆڕشی ژن لە هونەری کوردییدا

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

مەرزیە فەریقی، ئەو ژنە ھونەرمەندەی خەرمانێک لە گۆرانی و ئاوازی کوردی کرد بە بەشێکی گرنگی مێژووی هاوچەرخی موزیکی کوردی.


گەرووە زێڕینەکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ناوی تەواوی، مەرزیە شەھاب عەبدوڵایە، 22ی ئایاری ساڵی 1958 لە مەریوانی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە مەریوان تەواوکردووە، کۆتایی ساڵانی 1970 چووەتە شاری سنە و خوێندنی تەواوکردووە و بووە بە مامۆستا، پاشان ساڵی 1978 لەگەڵ ھونەرمەندی ناسراوی کورد ناسڕی ڕەزازی هاوسەرگیرییان کردووە.


لە شارەوە بۆ چیا و تاراوگە

مەرزیە و ڕەزازی بە ھۆی بارودۆخی ڕامیاری ئێران، ھەر زوو ڕۆژھەڵاتی کوردستانیان جێهێشتووە و ڕوویان کردووەتە چیاکانی کوردستان و بوون بە پێشمەرگە، لە چیاکانی کوردستانەوە ژیانی سەخت و وێستگەکانی پڕ تێکۆشانی مەرزیە دەستیپێکردووە، بە گۆرانییی (ئەی ھەڤاڵی پێشمەرگە) پێشمەرگەی هاندا، پاشان ساڵی 1985 لە چیاکانی کوردستانەوە ڕووی کردووەتە وڵاتی سوید و ژیانێکی دوورە وڵاتی لەگەڵ ھاوسەرێکی پڕ ئەوین و منداڵەکانی بەناوەکانی (دڵنیا، ماردین، کاردۆ) بەسەربردووە.


گەشتی هونەریی مەرزیە کەی دەستیپێکردووە؟

سەرەتای دەستپێکی ژیانی ھونەریی مەرزیە لە تەمەنی نۆ ساڵی بووە، ئەو کاتەی لە چالاکییە ھونەرییەکانی قوتابخانەکەیاندا وەکو گۆرانیبێژ بەشداری کردووە، دواتر ساڵی 1977 لە قۆناغەکانی خوێندنی مامۆستاییدا لەگەڵ (کۆڕی موزیکی ڕادیۆی سنە)، چەندین جار لە سەر تەختی شانۆ گۆرانی چڕیوە، پاش خەباتی شاخ و بەجێھێشتنی وڵات و لە سوید نیشتەجێ بوون، ساڵانێک لە ھونەر دابڕاوە.


داکۆکیکاری مافی ژن و منداڵ بووە

ژیانی ھونەریی مەزریە ساڵی 1994 بە تۆمارکردنی چەند بەرھەمێک لەگەڵ ڕەزازی ھاوسەریدا دەستیپێکردووەتەوە، ھونەری مەزریە گەشەی سەندووە و لە بزاوتی ھونەری موزیک و گۆرانیی کوردییدا بووە بە سیمبولی ژنە کوردێکی ھونەرمەند و لە پاڵ ئەوەشدا بووە بە نموونەی ژنە شۆڕشگێرێکی نەتەوەیی و داکۆکیکاری مافی ژنان و منداڵان و چالاکانە لە چەندین چالاکیی جۆراوجۆری ئەم بوارانەدا بەشداربووە.


کەی و بە چی کۆچی دوایی کرد؟

لە لووتکە و ھەڵکشانی باڵای ھونەری گۆرانیی مەرزیەدا، بەھۆی ھەڵەیەکی پزیشکییەوە، لە ساتی نەشتەرگەرییەکدا ڕێکەوتی 18ی ئەیلوولی 2005، لە نەخۆشخانەی کارولینسکای ستۆکهۆڵمی پایتەختی وڵاتی سوید، کۆچی دوایی کرد.

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا