گەشتە کوشندەکەی کۆچبەرانی کورد بۆ ئەوروپا؛ لە لیبیاوە بۆ ئیتاڵیا
هەزاران کۆچبەری کورد لە وڵاتانی لیبیا و تونس چاوەڕوانی پەڕینەوەن بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەت ئیتاڵیا، بەڵام ئەم گەشتە پڕە لە مەترسی و ئاڵۆزی. بە گووتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، ئەمساڵ تەنها ژمارەیەکی کەم لەو کۆچبەرانە گەڕێنراونەتەوە هەرێمی کوردستان، لە کاتێکدا سەدان کەسی دیکە رووی لەم رێگا مەترسیدارە کردووە.
چۆنیەتی گەشتەکە؛ لە کوردستانەوە بۆ بیابانەکانی لیبیا
گەشتەکەی کۆچبەران لە فڕۆکەخانەی بەغداد و بە رێژەیەکی کەمیش لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە دەستپێدەکات. بە رێککەوتن لەگەڵ قاچاخچی و گرووپەکان، کۆچبەران بەرەو میسڕ یان ئوردن دەڕۆن، پاشان بەرەو لیبیا و دەگەنە تەرابلوسی پایتەختی ئەو وڵاتە. لەوێ نوێنەرێکی قاچاخچی، یان گرووپە چەکدارەکان پێشوازییان لێدەکەن.
دواتر، بە پاس بە رێگایەکی دوور و هیلاککەر دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی نزیک دەریا، کە ئەم گواستنەوەیە لە نێوان 22 بۆ 32 کاتژمێر دەخایەنێت. ئەم رێگایە پڕە لە بازگە، کە لەلایەن گرووپە چەکدارە جیاوازەکانەوە کۆنترۆڵکراون، ئەمەش مەترسییەکی زۆر بۆ سەر ژیانی کۆچبەران دروست دەکات.
وێستگەکانی لیبیا؛ لە شارەکانی زاویەوە بۆ کەنار دەریا
سەرەتا کۆچبەران دەبرێنە شاری زاویە، کە شارێکی سەرسنووری و خاوەنی بەندەرە، هەروەها بۆ شارەکانی "جنزور و جوددائم"یش دەبرێن. دوای گەیشتن بەم شارانە، بە ئۆتۆمبێل، یاخود بە پێ، کە چوار بۆ پێنج کاتژمێر دەخایەنێت، دەبرێنە کەنار دەریا و بەندەرەکان.
تا کاتی دەرچوونی بەلەم و یەختەکان، کۆچبەران لە شوقە و ماڵی بەکرێگیراودا دەهێڵدرێنەوە. تێچووی مانەوەیان لەسەر قاچاخچی، گرووپە چەکدارەکان، یاخود لەسەر خۆیانە، یاخود لەسەر ئەو دەڵاڵەیە، کە پارەی بە گرووپە چەکدارەکان داوە بۆ دابینکردنی خۆراک و پێداویستی. زۆرجار 15 بۆ 20 کەس لە یەک ژووردا دەمێننەوە، کە ژیانێکی ناهەموار و پڕ لە قەرەباڵغییە.
گەشتکردن بە دەریا بۆ ئیتاڵیا
کۆچبەران بە بەلەم، یاخود یەخت دەگوازرێنەوە بۆ شارەکانی سیسیلیا و پالێرمۆی ئیتاڵیا. دووریی رێگاکە و خێرایی گەیشتن پەیوەستە بە ژمارەی ماتۆڕەکانی بەلەمەکە، کە دەکرێت سێ یان شەش ماتۆڕ بێت، بەڵام بە گشتی زۆرینەی گەشتەکان پێنج بۆ هەشت کاتژمێر لە ئاودا دەمێننەوە تا دەگەنە ئیتاڵیا. دووریی رێگەکە لە شاری زاویەوە بۆ پالێرمۆ نزیکەی 400 میلە و بۆ سیسیلیا نزیکەی 290 میلە.
مەترسییەکانی گەشتەکە؛ لە ئەشکەنجەوە تا خنکان
مەترسییە سەرەکییەکانی ئەم گەشتە لە دوو بەشدا خۆی دەبینێتەوە: یەکەمیان، مامەڵەی خراپی گرووپە چەکدارەکانە، کە کۆچبەران ئەشکەنجە دەدەن، یاخود خۆراکی پێویستیان پێنادەن. دووەمیان، مەترسییەکانی ناو دەریاکە؛ ناجێگیریی کەشوهەوا و بەرز و نزمیی شەپۆلەکانی دەریا دەتوانێت ببێتە هۆی تێکشکانی بەلەم و خنکانی کۆچبەران.
زۆرجاریش گەشتی کۆچبەران ناگاتە ئیتاڵیا و لەلایەن هێزی فیدراڵییەوە هۆشدارییان پێدەدرێت. کاپتنەکان بۆ دووربوون لە گرتن و دەستبەسەرداگرتنی بەلەمەکان دەگەڕێنەوە کەناراوەکانی لیبیا و کۆچبەران جارێکی دیکە دەکەونەوە دەست گرووپە چەکدارەکان. ئەگەر بە سەرکەوتوویی بگەنە سیسیلیا و پالێرمۆش، لە کەناراوەکان لەلایەن پۆلیسی فیدراڵی دەستبەسەر دەکرێن و دەبرێنە بنکەکانی دەستبەسەرکردن تا کاتی کردنەوەی پەڕاو و مامەڵەی یاسایی.
رێگەی تونس و لیبیا و تێچووی کۆچکردن
رێگەی تونس کەمتر کۆچبەری پێدا دەڕۆن، چونکە بە گوتەی سەرۆکی کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان، رێکارەکان لە تونس زۆر توندترن، بەڵام لە لیبیا بەهۆی ئەوەی شارەکان لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، گەشتەکە ئاسانترە.
تێچووی گەشتی کۆچ لە رێگەی لیبیاوە لە 17 هەزار دۆلارەوە بۆ 20 هەزار دۆلارە (واتە لە یەک دەفتەر و 70 گەڵا دەستپێدەکات تا دەگاتە دوو دەفتەر). ئەم نرخە بە بەراورد بە کەناراوەکانی تورکیا دوو هێندەیە، کە لە تورکیاوە بۆ کەناراوەکانی ئیتاڵیا تێچووەکەی لە نێوان 8 هەزار بۆ 9 هەزار دۆلارە (80-90 گەڵا).
کۆچکردن لە رێگەی لیبیا؛ پوختەی گەشتەکە
دەستپێک: بەغداد یاخو هەولێر بۆ میسڕ یان ئوردن، پاشان تەرابلوسی پایتەختی لیبیا.
گواستنەوەی وشکانی (تەرابلوس بۆ شارە کەناراوەکان): بە ئۆتۆمبێل بۆ زاویە، جنزور، جوددائم. کات: 22 بۆ 32 کاتژمێر.
مانەوە: لە شوقە یان ماڵێکی بە کرێگیراودا تا کاتی گەشتکردن.
گواستنەوەی دەریایی: بە بەلەم یان یەخت بەرەو پالێرمۆ و سیسیلیا لە ئیتاڵیا. کات: 5 بۆ 8 کاتژمێر لە بەلەمدا.
دووری:
زاویە بۆ پالێرمۆ: نزیکەی 400 میل.
زاویە بۆ سیسیلیا: نزیکەی 290 میل.
مەترسییەکان: مامەڵەی خراپی گرووپە چەکدارەکان، ئەشکەنجەدان، کەشوهەوای ناسەقامگیر و مەترسی خنکان لە دەریادا.
تێچوو: 17 هەزار بۆ 20 هەزار دۆلار.
16/09/2025