جەنگیز چاندار: پێویستە دەستبەجێ دەمیرتاش و مزراکلی ئازادبکرێن

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی دەم لە میانەی بەشداریکردنی لە بوڵتنی هەواڵەکانی کەناڵ8
جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی دەم لە میانەی بەشداریکردنی لە بوڵتنی هەواڵەکانی کەناڵ8

جەنگیز چاندار، پەرلەمانتاری پارتی دەم لە بازنەی دیاربەکر، لە زیندانی ئەدیرنە، سەردانی هەریەک لە سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە و سەلچوک مزراکلی، هاوسەرۆکی پێشووتری شارەوانیی دیاربەکری کرد و رایگەیاند، زیندانیکردنی دەمیرتاش و مزراکلی قبوڵنەکراوە و ئەگەر دەخوازرێت ئەو پرۆسەیەی لە ئارادایە بگاتە ئاشتی، پێویستە هەردووکیان ئازادبکرێن.

جەنگیز چاندار: پێویستە تورکیا دژی بڕیاری دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا نەبێت

دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە هەشتی تەمموزی 2025 جەختی لە بڕیارەکەی لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاش کردەوە و ماوەیەکی سێ مانگیی بۆ تورکیا دیاریکرد بۆ تانەلێدان.

چاندار لەو بارەیەوە دەڵێت، پێویستە تورکیا ناڕەزایەتیی دژی بڕیارەکە دەرنەبڕێت و ئەو کاتەش دەمیرتاش ئازاد ببێت.

جەنگیز چاندار: ئەم پرۆسەیە بەبێ ئازادیی دەمیرتاش ناگاتە ئاشتی

چاندار کە لە پرۆسەی یەکەمی ئاشتی لەگەڵ مام جەلال و تورگوت ئۆزاڵ، سەرۆککۆماری پێشووتری تورکیا رۆڵی گەورەی گێڕا، دەڵێت، ئەگەر دەخوازرێت ئەو پرۆسەیەی لەئارادایە بەئەنجام بگات، پێویستە خەڵک متمانە و باوەڕی بە پرۆسەکە هەبێت، بەڵام هێشتنەوەی دەمیرتاش و مزراکلی لە زیندان، دەریدەخات پرۆسەکە بەرەو ئاشتی ناڕوات.

چاندار روو لە دەسەڵات دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئێوە دەمیرتاش لە زینداندا بهێڵنەوە و بە بێماناترین بیانوو سکاڵای مزراکلی رەتبکەنەوە، ناتوانن هیچ دڵنیاییەک سەبارەت بە پرۆسەکە لەناو خەڵکدا دروستبکەن، ئەو کاتە پرۆسەکە بە شەلەشەل دەڕوات، نەک رێکوپێک و بە دروستی."

چاندار کە ئەزموونی زۆری لە بواری ئاشتیدا هەیە، لە کۆتایی قسەکانیدا بانگەواز ئاڕاستەی دەسەڵات، "خاوەن ویژدانەکان" و ئەندامانی لیژنەی هاودەنگیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسیی دەکات و دەڵێت، "پێویستە دەستبەجێ دەمیرتاش و مزراکلی ئازادبکرێن."