بۆچی دەست و پێیەکانت بە بەردەوامی ساردن؟
هەندێک کەس بە بەردەوامی دەست و پێیەکانیان ساردن، بە جۆرێک تەنانەت لە کەشوهەوا گەرمەکانیشدا ئەم گرفتەیان هەیە.
هۆکارەکانی ساردیی دەست و پێیەکان چین؟
هۆکارەکانی ئەم حاڵەتە زۆرن، دەکرێت هۆکارەکە کەشوهەوا بێت، لەوانەشە بەهۆی نەخۆشییەکەوە رووبدات، هۆکارەکان وەکو:
کەشوهەوای سارد
لە کەشوهەوای سارددا خوێن زیاتر بۆ چەقی جەستە دەچێت، ئەمەش بۆئەوەی زۆرینەی ئەندامەکانی جەستە گەرمببنەوە، لە ئەنجامدا پەلەکان سارد دەبن.
خراپیی سووڕی خوێن
کەمبوونەوەی سووڕی خوێن هۆکارێکی ساردبوونی دەست و پێیەکانە، ئەمەش هۆکارەکەی یان ئەوەیە کەسەکە بۆرییەکانی خوێنی تەسکدەبنەوە، یان دەگیرێن، بەمەش خوێن بە باشی ناگات بە شوێنە دوورەکانی جەستە وەکو دەست و پێێەکان.
کەمخوێنی
ئەو کەسانەی خڕۆکە سوورەکانی خوێنیان کەمە، دووچاری کەمخوینی دەبنەوە، ئەمەش هۆکارێکی دیکەیە بۆ خراپیی سووڕی خوێن، هەربۆیە خوێنی پێویست ناگات بە پەلەکان و ئەمەش وادەکات دەست و پێێەکان ساردبن.
باوترین هۆکارەکانی کەمخوێنیش بریتینلە کەمیی ئاسن و ڤیتامین بی12.
کەمیی ڤیتامین بی12 بە گشتی هیچ نیشانەیەک دروست ناکات، بەڵام لەوانەیە ببێتەهۆی سڕبوون و مێروولەکردنی دەست و پێیەکان، لەوانەیە ببێتەهۆی بێڕەنگبوونی پێستیش.
شەکرە
ئەو کەسانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە و نەخۆشییەکەیان کۆنترۆڵنەکراوە، رێژەی شەکری خوێنیان زۆرە، ئەمەش وادەکات زیان بە دەمارەخانەکان بگات و بەهۆیەوە کەسەکە هەست بە ئازار و پلەی گەرمییە جیاوازەکان زۆر ناکات.
نەخۆشیی شەکرە کاریگەریی لەسەر سووڕی خوێنیش هەیە.
تەمبەڵیی غوددە
تەمبەڵیی غوددە نەخۆشییەکە تێیدا رژێنی غوددەی کەسەکە ناچالاکە، یەکێک لە فرمانە سەرەکییەکانی ئەم رژێنەش بریتییەلە رێکخستنەوەی پلەی گەرمیی جەستە.
هەربۆیە ئەو کەسانەی تەمبەڵیی غوددەیان هەیە هەست بە مێروولەکردن و سڕیی دەست و پێیەکانیان دەکەن.
کۆنیشانەی رایناود
لەم نەخۆشێیەدا کەسانی تووشبوو، هەست دەکەن پەنجەکانی دەست و پێیان ساردن، هەندێجاریش لووت و گوێیان شیندەبنەوە، سڕدەبن و سارددەبن.
هۆکاری ئەم حاڵەتەش ئەوەیە، ئەو کەسانەی ئەم کۆنیشانەیەیان هەیە، بۆرییەکانی خوێنیان تەسکدەبنەوە.
جگەرەکێشان
جگەرەکێشان یان کێشانی ئەو بەرهەمانەی تووتنیان تێدایە، وادەکەن بۆرییەکانی خوێن تەسکببنەوە، بەمەش پلەی گەرمیی پەنجەکانی دەست و پێیەکان دادەبەزن.
جگەرەکێشان هۆکارێکی تووشبوونیشە بە نەخۆشیی بێرگر کە تێیدا دەست و پێیەکان سارددەبن.
ساردیی دەست و پێیەکان مەترسیدارە؟
بە گشتی ئەگەر کەسێک دەست و پێیەکانی ساردبوون، پێویست ناکات بترسێت و زۆرجاریش پێویست بە سەردانکردنی پزیشک ناکات، بەڵام ئەگەر کەسەکە نیشانەی دیکەی هەبوو، باشترە لەو کاتەدا پشتگوێی نەخات.
18/09/2025