حسێن حوزنی موکریانی.. مێژوونووسی گەورەی کورد

حەسەن فەلاح 2 کاتژمێر پێش ئێستا

حسێن حوزنی موکریانی، لە دیارترین مێژوونووسانی کوردە، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە و لە منداڵییەوە وەکو کەسایەتییەکی زیرەک و لێهاتوو دەرکەوتووە.


لە منداڵییدا لێهاتوو بووە

ناوی تەواوی سەید حسێنی کوڕی سەید عەبدولـلەتیفە، کۆتایی سەدەی نۆزدەیەمی زایینی، لە شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، هەر لە منداڵییدا توانا و لێهاتوویی لە فێربوونی زانستەکان دەرکەوتووە.


کوردستان گەڕاوە

لە تەمەنی 12 ساڵیدا، ڕووی لە مەراغە، تەورێز و یەریڤان کردووە، کوردستان و پارچە جیاوازەکانی ناوچەکە گەڕاوە بەمەبەستی کۆکردنەوە و نووسینەوەی مێژووی کورد.


لە چەندین بواردا لیهاتوو بووە

بە گوتەی لێکۆڵەرانی بواری مێژوو، حسێن حوزنی موکریانی، لە سەرەتاییترین ئەو کەسایەتییە کوردییانەیە، کە بایەخێکی تایبەتیان بە نووسینەوەی مێژووی کورد بە زمانی کوردی داوە، هاوکات، لێهاتوویی لە بوارەکانی: ئەدەب، ڕۆژنامەوانی، مۆرهەڵکەندن، وێنەگری و خۆشنووسی هەبووە.


چاپخانەی هەبووە

ساڵی 1915، بۆ یەکەمجار لە شاری حەلەب، چاپخانەی بەمەبەستی خزمەتکردنی زمان، مێژوو و ئەدەبی کوردی دامەزراندووە، پاشان چاپخانەکەی گواستووەتەوە بۆ ڕواندز لەنێوان ساڵانی 1925 بۆ 1947، بەنزیکەی 20 کتێبی لەبارەی مێژووی کورد و کوردستان نووسیوە، هاوتای دەرکردنی چەندین ژمارەی ڕۆژنامە و گۆڤار، لەوانە: زاری کورمانجی، ڕووناکی و دەنگی گێتی تازە.


کەی کۆچی دوایی کردووە؟

حسێن حوزنی موکریانی، پاش ساڵانێکی زۆر لە خزمەتکردنی زمان، مێژوو و کولتووری کوردی، ڕێکەوتی 20ی ئەیلوولی 1947، لە بەغداد کۆچی دوایی کردووە و لە شاری هەولێر، لە گۆڕستانی ئیمام محەممەد بەخاک سپێردراوە.

حەسەن فەلاح

2 کاتژمێر پێش ئێستا