ئیسرائیل لەبارەی سەپاندنی سزاوە هۆشداریی دەداتە ئەوروپا
گیدۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لەبارەی سەپاندنی سزا بەسەر تەلئەڤیڤدا هۆشداریی دایە یەکێتیی ئەوروپا و رایگەیاند، هەر هەنگاوێک لە دژی وڵاتەکەی، وەڵامی گونجاوی خۆی دەبێت.
یەکێتی ئەوروپا پێشنیازی سەپاندنی باجی گومرکی بەسەر ئیسرائیلدا کردووە
ئەمڕۆ چوارشەممە، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا لە بەرامبەر هێرشەکانی بۆسەر شاری غەززە و گوێنەدان بە داواکارییەکانیان، هەڕەشەی سەپاندنی سزایان بەسەر تەلئەڤیڤدا کرد و بۆئەوەش پێشنیازی سەپاندنی باجی گومرگی و سنووردارکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکانیان کرد.
لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل رایگەیاند، پێشنیازەکانی سەپاندنی سزا لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپاوە کارێکی سیاسیی نائەخلاقییە.
ئیسرائیل: هەر هەنگاوێک وەڵامی گونجاومان دەبێت
ساعر راشیگەیاندووە، هەر هەنگاوێک دژی ئیسرائیل، وەڵامی گونجاوی خۆی دەبێت کە هیوادارن ئەو هەنگاوە نەگرنەبەر.
دوێنێ سێشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی زەمینییان بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتیی شاری غەززە لە باکووری کەرتی غەززە دەستپێکردووە و تانکەکانیان بەرەو قوڵایی شارەکە جوڵەی کردووە، جەختیشیکردەوە، لە دوێنێوە زیاتر لە 150 پێگەیان لەناو شارەکە کردووەتە ئامانج، یەکێتیی ئەوروپاش، لەرێگەی گوتەبێژی کۆمسیۆنەکەیانەوە، هێرشەکەی بە هۆکارێک بۆ قوڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی و زیادبوونی رێژەی کوشتن و توندوتیژی لەقەڵەمدا.
17/09/2025