کاروان یاروەیس: وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت 17 لاپەڕەیە و یەکلاکەرەوە نییە

کاروان یاروەیس، ئەندامێكى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق. فۆتۆ: كەناڵ8
کاروان یاروەیس، ئەندامێكى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق. فۆتۆ: كەناڵ8

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، وەڵامی ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێمی کوردستان 17 لاپەڕەیە و وەڵامەکەش یەکلاکەرەوە نییە. بڕیارە لە کۆبوونەوەی سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت.

وەڵامێکی "لاستیکی"

کاروان یاروەیس، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە کەناڵ8ـی گوت؛ وەڵامەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت رادەستی نووسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و ئەمیندارێتی ئەنجوومەنی وەزیران کراوە. ئەو وەڵامەش "یەکلاکەرەوە نییە و بە شێوەیەکی لاستیکی و شیکردنەوەی دوور و درێژ نووسراوە".

رێککەوتنی نەوت؛ کلیلێک بۆ چارەسەری داهاتی نانەوتی

بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "ئەگەر تاوەکو سێشەممە رێککەوتنە سێقۆڵییەکەی نێوان هەولێر و بەغداد و کۆمپانیاکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان واژۆبکرێت، کێشەی داهاتی نانەوتی چارەسەرکردنی ئاسان دەبێت، چونکە کێشە سەرەکییەکە نەوتە."

بژاردەکانی داهاتی نانەوتی و ناکۆکییەکان

یاروەیس روونیشیکردەوە، وەڵامەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا گفتوگۆ لەبارەی بژاردەی دیکە دەکرێت لەبارەی چارەسەرکردنی داهاتی نانەوتی. ئەم بژاردانە دەکرێت بریتی بێت لە رادەستکردنی 120 ملیار دینار یان نیوەی کۆی داهاتی نانەوتی. ئەمەش لەکاتێکدایە کە پێشتر وەزیری دارایی عێراق رادەستکردنی 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەتکردووەتەوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش رازی نییە نیوەی داهاتی نانەوتی رادەستی بەغداد بکات.

 خاڵە چارەسەرنەکراوەکان

کاروان یاروەیس دەشڵێت، رێککەوتنی سێقۆڵی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە و هەرسێ لا لەسەر ناوەڕۆکی گرێبەستەکە رێککەوتوون و تەنها واژۆکردنی ماوە، ئەگەر تەگەرەی تێنەکەوێت و هەڵنەوەشێتەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان کۆی بەرهەمی ئێستای نەوتی زیاتر لە 230 هەزار بەرمیلە و 180 هەزار بەرمیلی دەداتە سۆمۆ و کۆمپانیاکانیش دەتوانن لە حاڵەتی سەرپێچی گرێبەستەکەدا پەنا ببەنە بەر دەرگای ناوبژیوانی پاریس.

کاروان یاروەیس بە کەناڵ8ـی گوت؛ تاوەکو ئێستا یەکلانەکراوەتەوە ماوەی رێککەوتنەکە بۆ چەندە و بژاردەکان لەنێوان سێ مانگ یاخود تاوەکو پەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2026 لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.