کەناڵ8 وردەکاریی ڕاپۆرتەکەی ئەنجوومەنی دەوڵەت ئاشکرادەکات

کەناڵ8 21/09/2025

ئەنجوومەنی دەوڵەتی عێراق، دوای سێ کۆبوونەوەی درێژ، ڕاسپاردەکانی خۆی لەبارەی پرسی داهاتە نانەوتییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تەواو کرد. بڕیارە بەم نزیکانە ڕاپۆرتەکە ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت و لەلایەن سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانییەوە بخرێتە دەنگدانەوە بۆ بڕیاری کۆتایی.

داهاتی گومرگ؛ 100% بۆ بەغداد

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی ڕاپۆرتەکە ئەوەیە کە پێویستە 100%ـی داهاتی گومرگیی خاڵە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق بکرێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای دەکرد ئەو داهاتە بە شێوەی 50% بە 50% دابەش بکرێت، بەڵام ئەنجوومەنی دەوڵەت ئەو پێشنیازەی ڕەتکردووەتەوە.

داهاتی باج و زەریبە؛ نیوە بە نیوە

سەبارەت بە باج و ڕسومات کە بەپێی یاسا فیدراڵییەکانی عێراق کۆدەکرێنەوە، ئەنجوومەنی دەوڵەت پێشنیازی کردووە کە 50%ـی بۆ هەرێمی کوردستان بێت و 50%ـەکەی دیکەی بۆ حکومەتی ناوەندی بگەڕێتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر داوای دەکرد کە تەواوی ئەو داهاتە بۆ هەرێم بمێنێتەوە.

ئەو داهاتانەی بە تەواوی بۆ هەرێم دەبن

خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج لە ڕاپۆرتەکەدا ئەوەیە کە هەر داهات و باجێک بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان کۆبکرێتەوە، بە تەواوی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و دینارێکیشی بۆ بەغداد ناگەڕێندرێتەوە. ئەمە ئەو داهاتانە دەگرێتەوە کە لە شارەوانییەکان و شوێنە بازرگانییەکانەوە بەدەست دێن، وەک باجی سەرتاشخانە و شوێنە بچووکەکانی دیکە کە پێشتر وەزیری دارایی عێراق داوای 50%ـی دەکرد.

"مەقاسە" کێشەی ناردنی پارە بۆ بەغداد چارەسەر دەکات

بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی ناردنی پارە بۆ بەغداد و پاشان چاوەڕوانیکردن بۆ گەڕانەوەی، ئەنجوومەنی دەوڵەت میکانیزمی "مەقاسە" (لێبڕین)ـی پێشنیاز کردووە. بۆ نموونە، ئەگەر هەرێمی کوردستان پێویست بوو 100 ملیار دیناری داهاتی گومرگ ڕەوانەی بەغداد بکات، لە هەمان کاتدا بەغدادش دەبوو 400 ملیار دینار بۆ تەواوکاریی مووچە بنێرێت، ئەوا بەپێی ئەم میکانیزمە، وەزارەتی دارایی عێراق ڕاستەوخۆ 100 ملیار دینارەکە لە پشکی هەرێم دەبڕێت و تەنها 300 ملیار دینار دەنێرێت. بەم شێوەیە هەردوو لا پابەندییەکانیان جێبەجێ دەکەن بەبێ ئەوەی پارە بنێرن و چاوەڕێی گەڕانەوەی بکەن.

چارەنووسی ڕاسپاردەکان بە ڕێککەوتنی نەوتەوە بەندە

سەرچاوە باڵاکانی حکومەتی عێراق جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئەگەر ڕێککەوتن لەسەر دۆسیەی نەوت لەنێوان هەولێر، بەغداد و کۆمپانیا نەوتییەکان بکرێت، ئەوا پرسی داهاتی نانەوتی کێشەیەکی گەورە نابێت و میکانیزمی چارەسەر ئاسان دەبێت. لە ئەگەری ڕازینەبوونی هەر لایەنێکیش بەم ڕاسپاردانە، میکانیزمی دیکە بۆ چارەسەر لەبەرچاو گیراوە.

هەڵوێستی ئەرێنیی سوودانی

بەپێی زانیارییەکان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هەڵوێستێکی ئەرێنی هەیە و دەیەوێت ئەمجارە کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن و ڕێککەوتنێکی کۆتایی لەنێوان هەردوو لا واژۆ بکرێت.

هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆبوونەوەکانی نەکردووە

جێی باسە، لە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکەدا، ئەنجوومەنی دەوڵەت داوای لە هەرێمی کوردستان کردبوو دوو نوێنەر وەک چاودێر بنێرێتە کۆبوونەوەکان، بەڵام هەرێمی کوردستان هیچ نوێنەرێکی نەنارد. ڕاپۆرتەکە لەلایەن 24 ئەندامی ئەنجوومەنی دەوڵەتەوە واژۆ کراوە و چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ئەنجوومەنی وەزیران دەکات.

کەناڵ8

21/09/2025