لە کەرکوک و سلێمانی 3 "تیرۆریست" دەستگیرکران

دیمەنێک لە هەڵمەتەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان
دیمەنێک لە هەڵمەتەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سنووری پارێزگاکانی کەرکوک و سلێمانی "سێ تیرۆریستیان" دەستگیرکردووە و بە هەماهەنگیی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و هاوپەیمانان کێوماڵی ناوچەی شوانیان کردووە.

"دەستگیرکردنی تیرۆریستان" لە کەرکوک و سلێمانی

بەڕێوەبەرایەتییەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و دژەتیرۆری کەرکوکی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق توانیویانە لە سنووری کەرکوک "تیرۆریستێک" دەستگیربکەن.

بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و "دانپێدانانی ئەو تیرۆریستە" دەستگیرکراوە و لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری ورد، توانراوە شوێنی "دوو تیرۆریستی دیکە" لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەستنیشان بکرێت و بە هەماهەنگی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان دەستگیریان بکەن.

لە راگەیاندراوەکەدا باسی ئەوەشکراوە، "ئەو دوو تیرۆریستەی سنووری پارێزگای سلێمانی" لە ماوەی رابردوو چەکداری داعش بوون و لە ئێستاشدا کاری رێکخراوەییان بۆ کردووە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بیری توندڕەویان بڵاوکردووەتەوە. "هەرسێ تیرۆریستەکەش" بەگوێرەی ماددەی 2ی تیرۆر راگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.

کێوماڵکردنی ناوچەی شوان و لەناوبردنی حەشارگەکان

بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش ئاماژەی بەوەشکردووە، بە هەماهەنگی هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و هاوپەیمانان (هێزی تایبەتی ئەمریکا)، لە سنووری ناوچەی شوان کێوماڵێکی بەرفراوانیان ئەنجامداوە و چەندین شوێن و "حەشارگەی تیرۆرستانیان" لەناوبردووە.