ئۆپن ئەی ئای کار لەسەر بەرهەمهێنانی ژمارەیەک ئامێر دەکات

ژیریی دەستکرد
ژیریی دەستکرد

رۆژنامەی زە ئینفۆرمەیشن بڵاویکردووەتەوە، کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، ژمارەیەک ئامێر بە هاوبەشی لەگەڵ جۆنی ئایڤ، سەرۆکی پێشووی دیزاینی ئەپڵ پەرەپێدەدات.

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، خاوەنی چات جی پی تی، گرێبەستی لەگەڵ چەند کۆمپانیایەک کردووە کە بەرهەمهێنەری ئامێرەکانی کۆمپانیای ئەپڵن، بۆ بەرهەمهێنانی بڵندگۆیەکی زیرەکی بێ روونما.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی زە ئینفۆرمەیشن، لە هەمانکاتدا کۆمپانیاکە بیر لە بەرهەمهێنانی چاویلکەی زیرەک، تۆمارکەری دەنگی دیجیتاڵی و گوڵیەخەی زیرەک دەکاتەوە.

پێشبینی دەکرێت ئامێرەکان لە کۆتایی ساڵی 2026 یان سەرەتای ساڵی 2027 بخرێتە بازاڕەوە.

راپۆرتەکەی زە ئینفۆرمەیشن، باس لەوەش دەکات کە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، دەستدەبات بۆ تۆڕی زنجیرەی دابینکردنی ئامێرەکانی ئەپڵ لە چین، تاوەکو یارمەتی بەرهەمهێنانی ئەم ئامێرانە بدات، ئەمە دەتوانێت کێبڕکێی داهاتوو لە نێوان ئۆپن ئەی ئای و ئەپڵدا گەرم بکات.