هۆكاری بەردەوام گریانی منداڵی ساوا
زۆرگریانی منداڵ یاخود کۆلیک، بریتییەلە گریانی زۆر، توند و درێژخایەنی منداڵی ساوا. زۆرجار لەنێو خەڵکیدا بە (غازاتی منداڵ) ناودەبرێت، هەرچەند ناوەکە هەڵەیە و هۆکاری گریانەکە باکردن نییە، ئەم دۆخە بۆ دایکوباوکان ناخۆشە و دەبێتە هۆی نیگەرانییان. لەبەر ئەوەی گریانی منداڵەکە لە ئێواران و شەواندا - کە کاتی پشوودانی دایکوباوکانە - زۆرترە، زیاتر ماندوو دەبن بە ئارامکردنەوەی منداڵەکەیان.
دۆخەکە بەزۆری لە هەفتەی شەشەمی تەمەندا دەردەکەوێت و لە سێ بۆ چوار مانگیدا نیشانەکان کەمدەبنەوە. هەرچەند ئەم گریانە زۆرە لەگەڵ کاتدا باش دەبێت، بەڵام لەو کاتەدا فشارێکی زۆر لەسەر دایکوباوکان دروستدەکات.
کەی منداڵێک بەوە دەستنیشان دەکرێت کە زۆرگریانی هەیە؟
کاتێک منداڵەکە لە رۆژێکدا سێ کاتژمێر زیاتر دەگری، ئەم گریانەش لە سێ رۆژ زیاتر لە هەفتەیەکدا و بۆ ماوەی سێ هەفتە زیاتر دووبارە دەبێتەوە؛ ئەوا منداڵەکە بە هەبوونی زۆرگریان دەستنیشان دەکرێت.
نیشانەکانی زۆرگریان چین؟
هەموو منداڵێکی تازە لەدایکبوو زۆر دەگری، بەتایبەت لە سێ مانگی سەرەتای ژیاندا. نیشانەکانی زۆرگریان ئەمانەن:
- گریانێکی زۆر، کە وادەردەکەوێت منداڵەکە ئازاری هەبێت
- گریانی بێ هۆکار، جیاوازە لەو گریانەی بەهۆی برسییەتی یان لەکاتی گۆڕینی دایبیدا دەیبێت
- پاش تەواوبوونی گریانەکەش، منداڵەکە هێشتا وا دەردەکەوێت کە لە ناڕەحەتیدایە
- لە کاتێکی دیاریکراودا دەگری، بەزۆری لە ئێواران و شەواندا
- سووربوونەوەی دەموچاوی منداڵەکە
- رەقبوونی سک، پەلەکان، بەرزکردنەوەی قاچ و توندبوونی جەستە
هەندێک جار نیشانەکان پاش پیساییکردن یان بادەردان باش دەبن، بەڵام پسپۆڕان دەڵێن ئەم بایە هۆکارەکەی قوتدانی هەوایە لەکاتی گریاندا، نەوەک ئەوەی هۆکاری گریانەکە بێت.

هۆکارەکانی زۆرگریان
پسپۆران تا ئێستا نازانن هۆکاری زۆرگریان چییە. هەندێک بۆچونی زانستی هەیە، بەڵام هێشتا بەڵگەی زانستی تەواو بۆ سەلماندنیان نییە. دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەبێت هێشتا کۆئەندامی هەرسی تازەلەدایکبووەکە بەتەواوی گەشەی نەکردووە. هەندێکی دیکە هۆکارەکەی بۆ نەبوونی هاوسەنگی لە نێو بەکتریا تەندرووستەکانی ریخۆڵە دەگەڕێننەوە.
بەهەمان شێوە، نازانرێت ئایا کام منداڵانە مەترسیی تووشبوونیان زیاترە. دەگوترێت ئەو خانمانەی لەکاتی دووگیانیدا جگەرە دەکێشن، مەترسی تووشبوونی منداڵەکانیان بە زۆرگریان زیاترە.
چارەسەرەکانی زۆرگریان
چارەسەری سەرەکیی زۆرگریان گرتنەبەری ئەو رێگەیانەیە کە منداڵەکە ئارام دەکەنەوە، هەروەها چەند رێگەیەکی دیکە هەیە کە دەکرێت بەسوودبن لە چارەسەری دۆخەکە. ئەمانەی خوارەوە هەندێکن لە چارەسەرەکان:
- بەکارهێنانی مەمکەمژە
- گرتنەباوەش، راژەنین یاخود هەڵگرتی منداڵەکە
- پێچانەوەی منداڵەکە لە پەتۆیەک (قوماتکردن)
- شۆردنی بە ئاوی گەرم
- شێلانی سکی منداڵەکە
- تاریککردنی ژوورەکە
- لێدانی موزیکی ئارام بۆ منداڵەکە
- شیردانی منداڵەکە بەڕێکی لەبری ئەوەی بە پاڵکەوتنەوە بێت، پاش شیردان باشترە منداڵەکە قرقێنە بدات
- ئەو دایکانەی شیری خۆیان دەدەن بە منداڵەکەیان، باشترە خۆیان بەدووربگرن لە خواردنی شیرەمەنییەکان، هێلکە، چەرەس، چا، قاوە و پیاز
- ئەگەر منداڵەکە شیری قوتوو دەخوات، دەکرێت پزیشکی پسپۆڕ جۆرە شیرێکی تایبەتی بۆ دابنێت
- پرۆبایۆتیکەکان لەژێر توێژینەوەدان و دەکرێت سوودیان هەبێت بۆ چارەسەری باژەڵە
- سیمێنسیکۆن: ئەم دەرمانە باوە و بەکاردەهێنرێت بەڵام توێژینەوەکان دەڵێن هیچ کاریگەرییەکی لەسەر چارەسەرکردنی باژەڵە نییە
- دەرمانە گیاییەکان: ئەمانەش باشترە بەکارنەهێنرێت بەهۆی مەترسیی زیانەکانیەوە، وەک پیسبوون بە بەکتریا
27/10/2023