دی ئێن ئۆ و گەنەڵ ئینێرجی پێشوازی لە رێککەوتنە نەوتییەکە دەکەن
هەردوو کۆمپانیاى نەوت و گازی "دى ئێن ئۆ"ـى نەرویجى و گەنەڵ ئینێرجی بەریتانى کە لە کێڵگەی پێشخاپوور و تاوکێ نەوت بەرهەمدەهێنن، لەگەڵ ئەوەى بە ئەرێنییەوە لە رێککەوتنى سێقۆڵى نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی عێراق و کۆمپانیا نەوتییەکان دەڕوانن، جەختیش لە دەستەبەرکردنى شایستە داراییەکانیان دەکەنەوە.
کۆمپانیاى دی ئێن ئۆى لە راگەيەندراوێکدا ئەمڕۆ سێشەممە، گوتى" پێشوازی لەو راپۆرتانە دەکەن، کە باس لەوە دەکەن رێککەوتن لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک کۆمپانیای نێودەوڵەتیدا کراوە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراو لە کوردستان لە رێگەی بۆری عێراق-تورکیاوە".
دى ئێن ئۆ: بە دەستەبەرکردنى شایستەکانمان تامەزرۆی هەناردەکردنى نەوتین
دی ئێن ئۆ دەڵێت "تامەزرۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنە، بەڵام بەگوێرەی ئەو رێککەوتنانەی کە دەستەبەری پێدانەوەی قەرزەکان و شایستە داراییەکانى داهاتووى بکات، بە پشتبەستن بە مەرجە یاسایی، ئابووری و بازرگانییەکانی ئەو گرێبەستە هاوبەشانەی بەرهەمهێنانی نەوت کە کۆمپانیاکە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا هەیەتی".
بێژەن موزەفەر رەحمانی، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیاى دى ئێن ئۆ، دەڵێت "وەک گەورەترين بەرهەمهێنەری نەوت ئەو قەرزەی ئەوان کە لای حکومەتی هەرێمی کوردستانە لە قەرزی زۆرێک لە کۆمپانياکان کەمترە". ئەوەش بەهۆى ئەوەى بەگوێرەى لێکتێگەیشتنەکانى نێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و دى ئێن ئۆ، لە ماوەى چەند ساڵى رابردوودا بەشێک لە قەرزەکانى کۆمپانیاکە دراونەتەوە.
دی ئێن ئۆ و گەنەڵ ئينێرجی : پلانی وەبەرهێنانی زياترمان هەيە
لە راگەيەندراوەکەدا هاتووە، دی ئێن ئۆ و گەنەڵ ئينێرجی خەرجييەکانيان بۆ چاککردنەوەی زيانەکانی هێرشە درۆنييەکانی مانگی تەمموز بۆسەر کێڵگەکانی تاوکێ و پيشخابور زيادکردووە. باس لەوەشکراوە، پلانی وەبەرهێنانی زياتريان هەيە، دەيانەوێت لە ساڵی 2026دا هەشت بير لە کێڵگەی تاوکێ هەڵبکەنن بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان بگەيەننە 100 هەزار بەرميل لە رۆژێکدا.
لە ئێستادا دی ئێن ئۆى نەوت بەشێوەی کاش دەفرۆشرێت و بە تانکەر دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگە ناوخۆييەکان، بۆ هەر بەرميلێکیش 30 دۆلار وەردەگرێت.
کۆمپانیاى گەنەڵ ئینێرجی لە ماڵپەرى فەرمییەکەیدا هەمان راگەیەندراوەکەى دى ئێن ئۆى بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "پێشوازی لەو پێشکەوتنە بەرچاوە دەکات کە تاوەکو ئێستا هەموو لایەنەکان پێیگەیشتوون و لە هەوڵدان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەى نەوت.
بۆچوونیشى وایە "دەستکاریکردنی سادە بۆ مەرجە پێشنیازکراوەکانی ئێستا، پلانی پارەدان بۆ قەرزە دواکەوتووەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی مەرجەکانی هەناردەکردن قبووڵ بکەن".
کێڵگەکانى نەوتى (تاوكێ و پیشخابوور) دەكەوێتە رۆژهەڵاتی ئیدارەى سەربەخۆى زاخۆ لە پارێزگای دهۆک، یەک گرێبەستیان بۆ كراوە، تێكڕای بەرهەمی هەردوو كێڵگەکەش لە چوارچێوەی یەک بلۆكی نەوتیدایە و هەردو کۆمپانیاى دى ئێن ئۆ و گەنەڵ ئینێرجی بەهاوبەشى کارى تێدا دەکەن.
23/09/2025