ناسا کەشتیوانەکانی بۆ خولگەی مانگ دەنێرێت
شێوە عومەر 24/09/2025
ئاژانسی بۆشایی ئاسمانیی ئەمریکا ناسراو بە "ناسا" رایگەیاند، هیوادارە لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوودا، بتوانێت کەشتیوانەکانی بۆ ماوەی 10 رۆژ، بۆ سووڕانەوە بە دەوری مانگدا رەوانەبکات.
ئاژانسەکە پێشتر رایگەیاندبوو، لە مانگی ئابی 2026، ئەرکەکە جێبەجێدەکات، بەڵام ئێستا دەیەوێت زووتر کەشتیوانەکانی بنێرێت و کاتەکەی بۆ مانگی شوبات دیاریکردووە.
ماوەی 50 ساڵە، هیچ وڵاتێکی جیهان مرۆڤی نەناردووەتە سەر مانگ، ناسا کەشتیوانەکانی دەنێرێت بۆ تاقیکردنەوەی سیستمەکانیان و گەڕانەوەیان بە سەلامەتی.
ئەرکی ئارتمیسی دووەم، دووەم قۆناغی پرۆگرامی ئارتمیسە، کە ئامانجییەتی کەشتیوانە ئاسمانییەکانی ناسا بباتە سەر مانگ و بۆ ماوەیەکی درێژ بمێننەوە.
شێوە عومەر
24/09/2025