خاوەنی ChatGPT: بەمزووانە ژیریی دەستکرد شێرپەنجە چارەسەردەکات
خاوەنی چات جی پی تی "ChatGPT" رایگەیاند، رێڕەوی ئێستای پەرەسەندنی ژیریی دەستکرد ئەوە دەردەخات بەمزووانە تەکنەلۆجیاکە دەتوانێت شێرپەنجە چارەسەربکات.
لە بڵاوکراوەیەکدا بە ناونیشانی "ژیریی بێشومار"، سام ئەڵتمان، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئۆپن ئەی ئای، خاوەنی چات جی پتی، پێشبینی کرد کە بە 10 گێگاوات توانای ژمێریاری، ژیریی دەستکرد دەتوانێت توانایەک بەدەستبهێنێت، هەندێک لە گەورەترین کێشەکانی جیهان چارەسەربکات.
ئەو ملیاردێرە نووسیویەتی:" لەوانەیە بە 10 گێگاوات توانای ژمێریاری، ژیریی دەستکرد بتوانێت چارەسەرێک بۆ شێرپەنجە بدۆزێتەوە".
ئەڵتمان دەشڵێت :"ئەگەر ژیریی دەستکرد بەردەوام بێت لەسەر ئەو رێگایەی کە ئێمە پێشبینی دەکەین، پێشکەوتنی سەرسوڕهێنەر بەدەست دەهێنرێت".
ئەڵتمان ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمپانیاکەی کار بۆ دامەزراندنی کارگەیەک دەکات کە بتوانێت هەفتانە گێگاواتی زیاتر بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ژیریی دەستکرد بەرهەمبهێنێت، هەرچەندە لەوانەیە چەند ساڵێک بخایەنێت تاوەکو بگاتە ئەم توانای بەرهەمهێنانە.
24/09/2025