پزیشکێکی پسپۆڕ باشترین رێگاکانی زوو دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمک بۆ خانمانی کوردستان رووندەکاتەوە

د.ئاڵا شاڵی: راوێژکاری تیشک و سۆنەر
د.ئاڵا شاڵی: راوێژکاری تیشک و سۆنەر

کەناڵ8- سلێمانی

شێرپەنجەی مەمک بڵاوترین شێرپەنجەی خانمانە و وا مەزەندە دەکرێت لە هەر 10 خانم یەکێکیان لەماوەی ژیانیدا تووشی شێرپەنجەی مەمک دەبێت.

یەکێک لە رێگە گرنگەکانی کەمکردنەوەی گیانلەدەستدان بە شێرپەنجەی مەمک ئەنجامدانی پشکنینی پێشوەختەیە.

 بۆ روونکردنەوەی گرنگترین زانیاری و رێنوییەکان بۆ خانمان لەبارەی شێرپەنجەی مەمکەوە، دێسکی تەندروستیی کەناڵ8 دیمانەیەکی تایبەتی لەگەڵ دکتۆرە ئاڵا شاڵی پزیشکی راوێژکاری تیشک و سۆنەر و خاوەن ئەزموون لە پشکنینە تیشکییەکانی مەمک ئەنجامداوە و ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

ئایا مەرجە خانمەکە نیشانەی شێرپەنجەی مەمکی هەبێت ئینجا سەردانی پزیشک بکات؟

لە دەستنیشانکردنی شێرپەنجەی مەمکدا مەرج نییە ئەو خانمە نیشانەکانی نەخۆشییەکەی لەسەر دەربکەون پاشان بچێت بۆ ئەنجامدانی پشکنین واتە مەرج نییە هەست بە گرێ، تێکچوون و گۆڕانی شێوەی گۆی مەمک، بوونی برین، خوێن لێهاتن، ئاوسانی بنباڵی هەبێت پاشان بچێت بۆ ئەنجامدانی پشکنین. پزیشکان دەیانەوێت چارەسەرەکە بۆ نەخۆش ئاسانبێت و لەبەر ئەمە لەسەر رێنمایی پرۆتۆکۆلێکی جیهانی دەڕۆن بۆ زوو دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی هەر گرییەیکی شێرپەنجەیی مەمک بەپێی جۆری جیاوازیی شێرپەنجەکە.

لە خوار تەمەنی 40 ساڵی زیاتر کام پشکنینی پێشوەختەی گرێی مەمک دەکرێت؟

جۆری پشکنینی مەمک بە پێی پێکهاتەی مەمکەکەیە، کەسەکە تا گەنج بێت چڕیی مەمکی زۆرە و پێکهاتەی ریشاڵ و رژێنی زۆر تێدایە و لەمبارەدا سۆناری مەمک دەکرێت.

لەدوای تەمەنی 40 ساڵی پێویستە چ جۆرە پشکنینێک ئەنجامبدرێت؟

 لەدوای تەمەنی 40 ساڵی چڕیی مەمک کەمدەبێتەوە و پێویستە مەمۆگرافی ئەنجامبدرێت بە پێی پرۆتۆکۆلی ئەمریکی، بەڵام ئەگەر مەمکەکە چڕییەکەی زۆر بوو دوای ئەنجامدانی مەمۆگرافییەکە، پزیشکی پسپۆڕ بڕیاردەدات کە ئایا پێویستە سۆنەریشی بۆ ئەنجامبدرێت یاخود نا، زۆربەی خانمان لە دوای وەستانی سوڕی مانگانەیان کە لە زۆربەی کات لە تەمەنی نێوان 45-55 ساڵی روودەدات سود لە پشکنینی مەمۆگرافی وەردەگرن.

ئایا مەرجە نیشانەی شێرپەنجەی مەمک تەنها دەرکەوتنی گرێ بێت؟

مەرج نییە نیشانەی شێرپەنجەی مەمک تەنها بە دەرکەوتنی گرێ بێت، هەندێکجار نیشانەی شێرپەنجەی مەمک بوونی هەوکردنە، هەندێکجاریش کلس یەکێکە لە نیشانەکان، کلسیش دوو جۆری هەیە وەک کلسی پاک و کلسی شێرپەنجەیی، جۆرەکانی کلسی پاک بریتیین لە: کلسی بەرکەوتە، کلسی شیر، و کلسی مولوولەکانی خوێن، ئەم کلسانە لە پشکنینی مەمۆگرافیدا دەردەکەون و لە سۆنەردا دەرناکەون. زۆر کەس کە پشکنینی سۆنەردەکەن کلسەکان دەرناکەون بەڵام کە پشکنینی مەمۆگرافی ئەنجامدەدەن دەبینن لە ئەنجامەکەدا کلس هەیە. کێشەکە لەوەدایە زۆربەی خانمان رقیان لە مەمۆگرافییە بەڵام نازانن ئەنجامدانی پشکنینی مەمۆگرافی چەند سوودی هەیە.

کام گرووپی خانمان پێویستە زیاتر پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک ئەنجامبدەن؟

 پێویستە ئەو خانمانەی کە مێژووی بۆماوەیی خێزانیی تووشبوونیان بە شێرپەنجە هەیە، ساڵانە پشکنینی پێشوەختە ئەنجامبدەن، تا زووتر شێرپەنجەکە دەستنیشانبکرێت چارەسەری ئاسانتر دەبێت و رەنگە پێویست بە چارەسەری کیمیایی نەکات

لە کەسانی بەتەمەندا چۆن پشکنینی پێشوەختەی شێرپەنجەی مەمک ئەنجامبدرێت؟

 پێویستە لە کەسانی تەمەن بەرەوسەرەوەدا یەکەمجار پشکنینی مەمۆگرافی ئەنجامبدرێت و دواتر پشکنینی سۆنەر ئەنجامبدرێت

گەنجترین تووشبووی شێرپەنجەت تەمەنی چەند بووە دکتۆرە ئاڵا؟

کەیس هەبووە لە تەمەنی 19ساڵیدا تووشی شێرپەنجەی مەمک بووە، بۆیە پێویستە لە 19 ساڵییەوە ساڵانە پشکنینی پێشوەختە ئەنجامبدرێت و لەتەمەنی گەنجیدا چڕی مەمکەکە زۆر زۆرە و پێویستە بە ووریاییەوە جۆری پشکنینی پێشوەختەکە دیاری بکرێت و بە رێنمایی پزیشکی پسپۆڕ ئەنجامبدرێت، واباشترە پێش سوڕی مانگانە پشکنینی پێشوەختە ئەنجامنەدرێت بە پێی پرۆتۆکۆلی جیهانی.

لە چ کاتێکدا پشکنینی ئێم ئاڕ ئای ئەنجامدەدرێت؟

هەندێک حاڵەتمان هەیە کە خانمەکە بە تەمەنە بەڵام مەمکی چڕەو بەگەنجی ماوەتەوە ، لە کاتێکدا ئەگەر مەمکی خانمەکە زۆر چڕ بێت و بە سۆناریش بە ئاسانی نەپشکنرێت، ئەو کاتە پشکنینی ئێم ئاڕ ئای بۆ دەکرێت ئێم ئاڕ ئای ئامێرێکی موگناتیسییە و تیشک نییە.

وەرگرتنی زەرعە چییە؟

زەرعە واتە وەرگرتنی نموونە، نموونەیەک لە شانەی مەمکەکە وەردەگیرێت لە رێگەی ئامێری سۆنەرەوە، دەرزییەک بەکاردەهێنرێت بۆ وەرگرتنی نموونەیەک.

ئامادەکردنی: ئاسۆ فازڵ