عێراق وەڵامی نەتانیاهوو دەداتەوە
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق وەڵامی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلی دایەوە و دەڵێت، لێدوانەكانی نەتانیاهوو لەبارەی عێراقەوە قبوڵكراو نییە.
فوئاد حسێن لەبارەی وتارەكەی بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل لە نەتەوەیەكگرتووەكان گوتی، قسەكانی نەتانیاهوو بەهیچ شێوەیەك قبوڵكراو نییە، هێرش بۆ سەر هەر هاوڵاتییەكی عێراقی هێرشە بۆ سەر دەوڵەتی عێراق.
وەڵامەكەی وەزیری دەرەوەی عێراق دوای ئەوەدێت، نەتانیاهوو لە وتارەكەیدا عێراقى خستە ناو نەخشەى نەفرەتەوە و هەڕەشەی لە گرووپە چەكدارەكان كرد بەوەی كە، ئەگەر وڵاتەكەیان بكەنە ئامانج ئەوا لەناویان دەبەن و سەركردەكانیان دەكەنە ئامانج.
بەگوێرەی گوتەكانی نەتانیاهوو، ڕێگرییان لە گرووپە چەکدارە شیعەکانی عێراق کردووە هێرشیان بکەنەسەر و هەڕەشەی لە سەركردەی ئەو گرووپانەش كرد و گوتی "هێرشمان بکرێتەسەر، چارەنووسیان هاوشێوەی چارەنووسی سەرکردەکانی حەماس و حیزبوڵا دەبێت".
سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل هەر لە وتارەكەیدا باسی لەوەكرد، "چەکی گرووپە شیعەکانی عێراقیان لەناوبردووە، ئەگەر لەلایەن ئەو گرووپانەوە جارێکی دیکە هێرشیان بکرێتەسەر، ئەوا لەناویان دەبەن".
26/09/2025