لەتیف رەشید: عێراق پێویستی بە هێزی بیانی نییە

عەبدول لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق
عەبدول لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق رایگەیاند، عێراق پێویستی بە بوونی هێزی بیانی نییە و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا بەپێی رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵات دەبێت. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە مانەوەی کەمپی هۆل هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ ئاسایشی عێراق و سووریا.

دۆخی عێراق و کەمپی هۆل

سەرۆککۆمار لەبارەی داعش و چارەنووسی کەمپی هۆل ئاماژەی بەوەکرد، "گرووپی داعش دووچاری شکستێکی توند کراوە و سەرجەم سنوورەکان لەژێر کۆنترۆڵ و چاودێریدان." گوتیشی "لە هەوڵدان بۆ داخستنی کەمپی هۆل لە سووریا، چونکە مانەوەی هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆ ئاسایشی عێراق و سووریا و تەنانەت تورکیاش."

چارەنووسی هێزەکانی ئەمەریکا

لەبارەی چارەنووسی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، لەتیف رەشید رایگەیاند، "مانەوە و کشانەوەیان بەگوێرەی رێککەوتنی هەردوو وڵات دەبێت." جەختی لەوە کردەوە، "لە ئێستادا عێراق گەیشتووەتە قۆناغێک پێویستی بە مانەوەی هێزی فرەرەگەز و ئەمەریکا نییە، بەڵام دوا بڕیاریش بۆ هەردوو وڵات دەگەڕێتەوە."

دانوستانەکانی هەولێر و بەغداد و هەڵبژاردن

سەرۆککۆمار رایگەیاند، "هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان لە پەیوەندی و دانوستان و دیالۆگی بەردەوامدان و بەم دواییانەش گەیشتوونەتە دوا بڕیار بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان." گوتیشی، "بە جددی کار دەکەن بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی داهاتوو پاک و دیموکراسی بێت و لەژێر چاودێریی رێکخراوەکاندا بێت."

دۆسیەی ئەتۆمیی ئێران

سەرۆککۆماری عێراق هیوای خواست، "هێرشەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران دووبارە نەبنەوە." ئاماژەی بەوەشدا، "لایەنی ئێرانی چەندین جار دووپاتیکردووەتەوە بەهیچ جۆرێک نیازی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نییە."