وردەپلاستیک لە قوڵایی ئێسکەکانیش بەدیکرا
ئێستا پلاستیک و وردەپلاستیکەکان ئەوەندە بڵاون، زۆر بە ئاسانی دەچنە جەستەمانەوە، بەجۆرێک لە خواردنەوە، خۆراک و هەواکەشماندا هەن، هەربۆیە وردەپلاستیکەکان لە پیسایی، وێڵاش، کۆئەندامی زاوزێ و مێشکیشماندا دەستنیشانکراون و بەدیکراون.
وردەپلاستیک لە ئێسکەکانیشماندا هەن؟
لە پێداچوونەوەیەکی زانستیی نوێدا، دەرکەوتووە کە وردەپلاستیکەکان دەتوانن بگەنە قوڵایی ئێسکەشانەکانمان، وەکو مۆخی ئێسکمان، ئەمەش گرفتە زیندەچالاکییەکان زیاتردەکات.
لە بەشێک لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە، پاشماوە پلاستیکییەکان لەڕێگەی خوێنەوە دەگەنە ئێسکەکان و تێیدا کۆدەبنەوە.
کۆبوونەوەی ئەم وردەپلاستیکانە لە ئێسکەکانماندا چ گرفتێک دروستدەکات؟
بەشێک لەو توێژینەوانەشی لەسەر ئاژەڵ کراون، دەریانخستووە کە کۆبوونەوەیەی وردەلاستیکەکان هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی گەشەی ئێسکەکان.
هاوکات، دەکرێت ئەم وردەپلاستیکانە کاریگەریی نەرێنییان هەبێت لەسەر ئەو خانانەی ئێسک کە بەرپرسن لە نوێبوونەوەی ئێسکەخانەکان، بەمەش ئێسکەکان لاوازدەبن و ئاسانتر دەشێوێن و بە زەبر دەشکێن.
هەر لەو توێژینەوانەی لەسەر ئاژەڵ کراون، دەرکەوتووە وردەپلاستیکەکان هۆکارێکن بۆ زووتر پیربوونی خانەکان و گۆڕانی دابەشبوونیان، هەروەها هۆکارێکی دروستبوونی هەوکردنیشن.
ئەم کاریگەرییانە تاوەکو چەند لەسەر مرۆڤیش دەردەکەون؟
لەگەڵ ئەوەی ئەم کاریگەرییانە پێویستیان بە توێژینەوەی زیاترە، بەڵام ئێستا لە جیهاندا رێژەی تووشبووانی ئێسکەنەرمە زیادیکردووە، ئەو کەسانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن ئێسکەکانیان لاوازدەبێت و ئاسانتر ئێسکەکانیان دەشکێن، پسپۆڕانیش وای بۆ دەچن یەکێک لە هۆکارەکانی زۆربوونی ئەم نەخۆشییە، کۆبوونەوەی وردەپلاستیک بێت لە ئێسکەخانەکانماندا.
27/09/2025