لەمەودوا ChatGPT بەیانیان گفتوگۆت لەگەڵ دەکات

چاتبۆتی زیرەکی چات جی پی تی
چاتبۆتی زیرەکی چات جی پی تی

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای، خاوەنی چات جی پی تی "ChatGPT"، تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ چاتبۆتەکەی بەناوی "پەڵس" راگەیاند کە لە شەودا کاردەکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی تایبەت بە بەکارهێنەرەکەی و پێشکەشکردنی زانیارییەکان لەکاتی بەیانیاندا.

ئامانجی ئەم تایبەتمەندییە ئەوەیە چات جی پی تی چالاک بکات و جگە لە وەڵامدانەوەی بەکارهێنەران، بتوانێت گفتوگۆش بکات.

ئۆپن ئەی ئای رایگەیاند، بە تێپەڕبوونی کات تایبەتمەندییەکە پەرەی پێدەدرێت و رێگایەکی تەواو نوێیە بۆ بەکارهێنانی چات جی پی تی.

شێوازی کارکردنی پەڵس

پەڵس ئەو زانیارییانە بەکاردەهێنێت کە پێشتر لەبارەی بەکارهێنەرەکەوە کۆیکردوونەتەوە، لەرێگەی گفتوگۆکانی لەگەڵ بەکارهێنەر، هەروەها ئەو بەرنامانەی بە چاتبۆتەکەوە گرێدراون، وەکو رۆژژمێر.

کۆمپانیاکە دەشڵێت، بە تێکەڵکردنی گفتوگۆ، بیرگە و بەرنامە گرێدراوەکان، چات جی پی تی لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانەوە بەرەوپێشدەچێت، بۆ بوون بە یاریدەدەرێکی چالاک کە لە جیاتی تۆ کار دەکات".

سیستمەکە ژمارەیەک پێشنیاز دەدات بە بەکارهێنەر، وەکو راپۆرتی هەواڵە گرنگەکان یاخود هەر شتێکی دیکە کە بزانێت بۆ بەکارهێنەرەکە گرنگە، دواتر بۆ بینینی وردەکاریی زیاتر، بەکارهێنەر دەتوانێت کرتە لەسەر پێشنیازەکان بکات.

بەکارهێنەران دەتوانن بۆچوونی خۆیان لەبارەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن پەڵس کۆکراونەتەوە، تۆماربکەن و یارمەتیی بدەن بۆ باشترکردنی پێشنیازەکانی.

کەی بەردەست دەبێت؟

ئێستا تایبەتمەندییەکە بۆ ئەو کەسانە بەردەستە کە بەشداریی مانگانەی پڵەسیان هەیە و دواتر بۆ هەموو بەشداربووان بەردەستدەبێت.