توێژینەوەیەک: ژیریی دەستکرد هانی درۆکردن دەدات
توێژینەوەیەکی نوێ کە لەسەر زیاتر لە هەشت هەزار بەشداربوو کراوە، ئاشکرایکردووە بەشێکی بەکارهێنەران، کاتێک ئەرکێک بە ئامرازێکی ژیریی دەستکرد دەسپێرن، زیاتر ئەگەری درۆ کردنیان هەیە.
بەکارهێنەران ئیتیکی بەکارهێنان پشتگوێ دەخەن
توێژینەوەکە لەلایەن پەیمانگەی ماکس پلانک بۆ گەشەپێدانی مرۆیی لە بەرلین ئەنجامدراوە، دەڵێت بەشێک لە بەکارهێنەران ئیتیکی بەکارهێنان پشتگوێ دەخەن، کاتێک ئامرازێکی ژیریی دەستکرد رادەسپێرن ئەرکەکانیان بۆ ئەنجامبدات.
توێژینەوەکە دەریخستووە کە کۆت و بەندی ئەخلاقیی تاکەکان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمدەبێتەوە کاتێک دەتوانن بڕیارەکان بە ژیریی دەستکرد بسپێرن و خەمیان نییە هەرکاتێک ئامرازەکە هەڵە بکات، لۆمەی ئەو دەکەن نەک خۆیان.
توێژەران ژمارەیەک تاقیکردنەوەیان کردووە لەسەر بەشداربووەکان، تێبینییان کردووە، رێژەی راستگۆیی کەسەکان لەگەڵ بەکارهێنانی سیستمەکانی ژیریی دەستکرد کەمیکردووە.
رێژەی راستگۆیی
بەبێ ژیریی دەستکرد: 95% راستگۆ بوون.
پێدانی رێنمایی روون بە ژیریی دەستکرد: 75%ـی بەکارهێنەر بە راستگۆیی ماونەتەوە.
پێدانی رێنمایی هەڕەمەکی بە ژیریی دەستکرد: 16% بە راستگۆیی ماونەتەوە و 84% ناڕاستگۆ بوون.
توێژینەوەکە ئاشکرایدەکات، کاتێک کەسەکان خۆیان فێڵ دەکەن، هەست بە تاوان دەکەن، هەربۆیە رێژەی فێڵکردن بە بێ ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد کەمترە، بەڵام کاتێک ئامرازەکانی ژیریی دەستکرد رادەسپێردرێن فێڵێک ئەنجامبدەن، بەکارهێنەر کەمتر هەست بە تاوان دەکات و دەتوانێت لۆمەی ئامڕازەکە بکات.
29/09/2025