ئەم دایک و باوکانە لاسایی کەنگەر بکەنەوە!
کەناڵ8- سلێمانی
بۆ ئەوەی گەشەی مێشکی منداڵە نەبەکامەکان باش بێت، دایک و باوک هاوشێوەی کەنگەر منداڵەکە بنووسێنن بە جەستەی خۆیانەوە، توێژینەوەیەکی نوێ وادەڵێت!
وردەکاریی توێژینەوەکە
توێژینەوەکە لەلایەن ئەنستیتۆی بێرک تایبەت بە دەمارزانی لە نیویۆرک ئەنجامدراوە لەسەر 88 منداڵی نەبەکام کە تێکڕای کێشی لەشیان 1.2 کیلۆگرام (نیوەی کێشی کۆرپەیەکی ئاسایی) بووە و دوو مانگ لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و پاش دەرچوونیشیان لە نەخۆشخانە پشکنینی مێشک و دەمار بۆ هەموویان کراوە. بە تێکڕا هەفتەی جارێک دایک و باوک سەردانی منداڵەکەیان کردووە و بەشێکیان لەو سەردانەدا 70 خولەک گرنگیپێدانی کەنگەرانەی بۆ دابینکراوە.
توێژەرەکان چییان بۆ دەرکەوت؟
توێژەرەکان بۆیان دەرکەوت بەرکەوتنی راستەوخۆی پێستی منداڵی نەبەکام بە پێستی دایک یان باوکی وادەکات مێشکی منداڵەکە باشتر گەشە بکات؛ بەجۆرێک ناوچەکانی تایبەت بە یادەوەری و رێکخستنی هەستەکان و دڵەڕاوکێ لە مێشکدا لەو منداڵانەدا گەشەسەندووتر بوون کە هاوشێوەی بەریەککەوتنی کەنگەر و بەچکەکەی، بەریەککەوتنی راستەوخۆی پێستیان لەگەڵ پێستی دایک و باوک هەبووە!
رێگەی "گرنگیپێدانی کەنگەرانە" چییە؟
ئەم رێگەیە واتە منداڵەکە تەنیا دایبی پۆشیبێت و بە رووتی لەسەر سنگی دایک یان باوکی رابکشێت و راستەوخۆ پێستیان بە پێستی یەکترەوە بنوسێت و منداڵەکە لەسەر سنگیان بە پارچەیەک قوماش یان بەتانیی گەرموگوڕ داپۆشرابێت، ئەمە دەبێتەهۆی دروستبوونی پەیوەندییەکی سۆزداریی راستەوخۆ لەنێوانیاندا.
ئەو منداڵە نەبەکامانەی رێگەی گرنگیپێدانی کەنگەرانەیان بۆ فەراهەمکرا، چەند ناوچەیەکی مێشکیان باشتر لە منداڵە نەبەکامەکانی دیکە گەشەی کرد. پشکنینەکان بە روونی جیاوازییان بینی لە گەشەی مێشکی ئەو منداڵانەی گرنگیپێدانی کەنگەرانەیان بۆ دابینکرابوو، بە تایبەت لەو بەشانەی مێشک کە پەیوەندیدارن بە یادەوەری، سۆز و مامەڵەکردن لەگەڵ دڵەڕاوکێ.
سوودی دیکەشی هەن!
بەریەککەوتنی راستەوخۆی پێستی منداڵی نەبەکام لەگەڵ پیستی دایک وباوک سوودی دیکەشی هەن؛ توێژینەوەکانی پێشوو دەریانخستووە ئەم بەریەککەوتنە خەوی منداڵی نەبەکام باشتردەکات، گەشەی دڵ و سییەکانیان باشدەکات و کەمتریش دووجاری ئازار و دڵەڕاوکێ دەبن!
30/09/2025