جیهان پێشوازی لە پلانی ئاشتییەکەی ترەمپ دەکات

دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو لە کاتی راگەیاندنی پلانەکەی بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی غەززە. فۆتۆ: AFP
دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ بنیامین نەتانیاهوو لە کاتی راگەیاندنی پلانەکەی بۆ کۆتایهێنان بە جەنگی غەززە. فۆتۆ: AFP

وڵاتانی عەرەبی، ئیسلامی و رۆژئاوایی بە شێوەیەکی بەرفراوان پێشوازییان لە پلانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە کرد، لە کاتێکدا بنیامین نەتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پشتیوانیی خۆی راگەیاند، بەڵام بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی بە توندی رەتیکردەوە.

هەشت وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی

وەزیرانی دەرەوەی قەتەڕ، ئوردن، ئیمارات، ئیندۆنیزیا، پاکستان، تورکیا، سعودیە و میسڕ لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا پێشوازییان لە "رۆڵی سەرکردایەتیی سەرۆکی ئەمریکا و هەوڵە دڵسۆزەکانی کرد" و ئامادەیی خۆیان بۆ "هاوکاریی ئەرێنی و بونیادنەر" لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە.

یەکێتیی ئەوروپا

ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا رایگەیاند، پێویستە هەموو لایەنەکان "ئەم دەرفەتە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی دەرفەتێکی راستەقینە بە ئاشتی بدەن" و پێشوازی لە وەڵامی ئەرێنیی نەتانیاهوو کرد.

نەتەوە یەکگرتووەکان

تۆم فلێچەر، رێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، پلانی ترەمپ "ئاسۆی نوێ" بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان دەکاتەوە و گوتی: "ئامادەین ئەم دەرفەتە بۆ ئاشتی بقۆزینەوە".

بەریتانیا

کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی "بە توندی پشتگیریی" پلانەکە دەکات. هاوکات تۆنی بلێر، سەرۆکوەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، کە رۆڵێکی سەرەکیی لە جێبەجێکردنی پلانەکەدا دەبێت، بە پلانێکی "ئازا و زیرەکانە" ناویبرد.

فەڕەنسا

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا رایگەیاند: "حەماس هیچ بژارەیەکی دیکەی نییە جگە لەوەی دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکات و پابەندی ئەم پلانە بێت".

ئیسپانیا

پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا پێشوازی لە پلانەکە کرد و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە توندوتیژییەکان بوەستێنرێت و دەستبەجێ هەموو بارمتەکان ئازاد بکرێن".

ئیتاڵیا

حکومەتی ئیتاڵیا پلانەکەی بە "وەرچەرخانێکی گونجاو" بۆ سەقامگیری و پەرەپێدانی غەززە وەسفکرد و داوای لە هەموو لایەنەکان کرد دەرفەتەکە بقۆزنەوە.

ئەڵمانیا

یۆهان فادیپول، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، پلانی ئەمریکا "دەرفەتێکی ناوازە دەڕەخسێنێت بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ترسناک لە کەرتی غەززە" و داوایکرد "دەرفەتەکە بەفیڕۆ نەدرێت".

دەسەڵاتی فەڵەستین

دەسەڵاتی فەڵەستین پێشوازی لە "هەوڵە دڵسۆز و رژدەکانی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ" کرد و متمانەی خۆی بە توانای ئەو بۆ دۆزینەوەی رێگایەک بۆ ئاشتی دووپاتکردەوە.

جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین

بەپێچەوانەوە، زیاد نەخالە، ئەمینداری گشتیی بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی، پلانەکەی بە "بەردەوامیی دوژمنکاری و دەستدرێژی" و رێگەخۆشکەر بۆ "تەقاندنەوەی ناوچەکە" ناوبرد.

کورتەی کاردانەوەکان:

هەشت وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی: بۆ هاوکاریی بونیادنەر ئامادەین

یەکێتیی ئەوروپا: دەرفەتێکی راستەقینەیە بۆ ئاشتی

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئاسۆی نوێیە

بەریتانیا: بە توندی پاڵپشتی دەکەین

فەڕەنسا: حەماس هیچ بژارەیەکی نییە

ئیسپانیا: کاتیی وەستاندنی توندوتیژییەکانە

ئیتاڵیا: وەرچەرخانێکی گونجاوە

ئەڵمانیا: دەرفەتێکی ناوازەیە

دەسەڵاتی فەڵەستین: هەوڵی دڵسۆزانەی ترەمپە

جیهادی ئیسلامیی فەڵەستین: رێگەخۆشکەرە بۆ تەقاندنەوەی ناوچەکە