تالیبان خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێتی لە ئەفغانستان راگرت
دەسەڵاتدارانی تالیبان لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستیان بە پچڕاندنی خزمەتگوزارییەکانی پەیوەندی و ئینتەرنێت کردووە بە بیانووی "رێگریکردن لە هەڵسوکەوتی نەشیاو"، بەمەش ئەفغانستان بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک لە دابڕانێکی دیجیتاڵیدا دەژی.
"ئەفغانستان لە تاریکیی دیجیتاڵیدا"
بەگوێرەی راپۆرتی رێکخراوی "نێتبلۆکس" بۆ چاودێریکردنی ئینتەرنێت، هێڵەکانی مۆبایل و ئینتەرنێت لە ئەفغانستان وردە وردە لاواز بوون تاوەکو گەیشتووەتە کەمتر لە 1%، ئەمەش وایکردووە وڵاتەکە بکەوێتە دۆخێکی نزیک لە دابڕانی تەواوەتیی دیجیتاڵییەوە.
خەڵک: "وەک نابینا واین"
راگرتنی ئەم خزمەتگوزارییانە نیگەرانییەکی زۆری لەناو خەڵکدا دروستکردووە، چونکە کاری رۆژانە و بژێوییان بە شێوەیەکی بەرچاو پشتی پێدەبەستێت، بەتایبەت ئەو کەسانەی کاری دلیڤەری دەکەن. بەشێک لە خاوەن دوکانەکان دەڵێن: "بەبێ مۆبایل و ئینتەرنێت، وەک نابینا خۆمان دەبینین".
درێژەی کۆتوبەندەکانی تالیبان
ئەم هەنگاوە نوێیە لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە یاسا و کۆتوبەندانەدایە کە بزووتنەوەی تابیبان لە دوای گەڕانەوەی بۆ دەسەڵات لە ساڵی 2021ـەوە بەسەر خەڵکدا سەپاندوویەتی. پێشتریش، حکومەتی تالیبان یاریی شەترەنجی بە پاساوی ئەوەی "سەرچاوەی قومارکردنە" قەدەغە کردبوو، کە یەکێک بوو لە حەز و خولیاکانی خەڵکی ئەفغانستان.
30/09/2025