15 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەند و شۆڕشگێڕ حەمە جەزا تێدەپەڕێت

محەمەد جەزا عەلی، ناسراو بە (حەمە جەزا)، یەکێکە لە دیارترین هونەرمەند و ‌ شۆڕشگێڕەکانی گەلی کورد، کە بە هەڵوێست و بوێرییەکانی لە نێو گۆرانی و سروودی شۆڕشگێری و نیشتمانیدا، ڕۆڵی کارای لە نێو موزیکی کوردیدا گێڕاوە.

لە 2ی شوباتی 1949 دا لە گەڕەکی بازاڕە بچکۆلەی شاری سلێمانی لەدایکبووە، لە ساڵی 1959 بۆ یەکەمجار لە سەرشانۆی پەروەردەی شاری سلێمانی گۆرانی چڕیووە. لە ساڵی 1969 دا پەیوەندی بە شۆڕشی ڕزگاریخوازی کوردەوە کردووە و لە هەمان کاتدا  دەبێتە ئەندامی (تیپی هونەر و وێژەی کوردی) و لە چالاکییەکانی ئەم تیپەدا چەند بەرهەمێکی پێشکەش کردووە.

لە ساڵی 1970 بە چەند گۆرانییەک لە شاری هەولێر بەشداری ئاهەنگی یادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، پاشان بەتەواوەتی لە شاری هەولێر نیشتەجێ بووە و لەگەڵ هونەرمەندانی ئەو شارەدا چەند بەرهەمێکی تۆمارکردووە، لەساڵی 1971 یەکەم بەرهەمی تۆمارکراوی بەناوی (بیبی خانم) لەگەڵ چەند ئەندامێکی (تیپی موزیکی باواجی کۆیە) تۆماری کردووە. ساڵی 1977 بەرهەمێکی تری بەناوی (ئیشق و ئازادی) هۆنراوەی  هێمن موکریانی، بەژەنینی ئامێری عود لەلایەن (ڕزگار خۆشناو) بڵاوکردەوە ئەم بەرهەمە ناوبانگێکی تایبەتی بە حەمە جەزا بەخشی و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لەسەر کاسێت لە تەواوی کوردستاندا بڵاوبووەتەوە و سەرنجی هونەرمەندان وهونەردۆستانی بۆ ئەو شێوازە چڕینەی خۆی راکێشا. لەم ساڵانەدا لەگەڵ تیپی مۆسیقای هەولێر چەند بەرهەمێکی ناوازە تۆمار دەکات، لەوانە (ئیشق و ئازادی، شەنگە بێری، بوکی ئازادی، جوانی ناوچیا، گلەیی لەکەس ناکەم، ئەی پەری.. هتد) چەند بەرهەمێکی دیکەی بڵاوکردۆتەوە.

بەهۆکاری گۆرانییەکان و هەستی نیشتمانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە فشارێکی زۆری دەخرێتە سەر بۆیە لە 1981  شاری هەولێر بەجێدەهێڵێت و روو لە شاخەکانی کوردستان دەکات و پەیوەندی بە لە شۆڕشی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات. ئەو لە ژیانی پێشمەرگایه‌تیدا لە هونەر دانەبڕاوە و بەردەوام لەپاڵ شۆڕشی چەکداریدا بە هونەرەکەی خزمەتی گۆرانی و هونەری موزیکی کردووە و بەرهەمەکانی هەڵقوڵاو و گوزارشتی ناخی پێشمەرگە و هونەرمەندی گەلێکی ستەمدیدە بووە، هەر لە هەمان ساڵدا دەبێتە ئەندامی سەرەکی تیپی موزیکی شه‌هید کارزان،  بە وتەی ئەندامانی تیپەکە، بە ئەندامبوونی حەمە جەزا لە تیپی مۆسیقای شەهید کارزاندا، گڕ و تینێکی تری به تیپەکه داوه و له ‌ زۆرینەی چالاکییەکانیاندا، بە گۆرانی و هۆنراوه ‌و ئاوازدانان بەشدار بووه.

حەمە جەزا ‌ له چڕینی مەقامە کوردییەکاندا خاوەنی مۆرکی تایبەتی خۆی بووە، ئەو توانی لەڕێگای مەقامەکانیەوە، بە‌ جۆرێکی تر و به جوڵاندنی سۆزی خەڵک، خزمەت بە گۆرانی سیاسی و نیشتمانی بکات، ئەو سۆزەی له گە‌روویدا بوو، کاریگەرییەکی بێوێنەی لە جوڵاندنی هەستی نیشتمانی هەبووە. لە ساڵی 1990 لەگەڵ خێزانەکەیدا ڕوویان کردۆتە ئەورووپا و لە وڵاتی دانیمارک نیشتەجێبوون، لە پاش ڕاپەڕینی بە‌هاری 1991 خۆی بۆ کوردستان و شاری سلێمانی دەگەڕێتەوە.

حه ‌مه ‌جه ‌زا ساڵانی پاش ڕاپەڕین و بەتایبە‌ت له ‌ کۆتایی تەمەنیدا، جۆری گۆرانییەکانی بەرەو شێوازیکی دیکە دەگۆڕێت و زیاتر شادی ئامێز و گوزارشت لە هەستی تایبەتی خۆی بوون، بەتایبەت ئەو بەرهەمانەی کە لە ئەوروپا تۆماری کردوون. زۆر جار له ‌ سەر گۆڕینی ڕیتم و شێوازی گۆرانییه ‌نوێیەکانی ڕەخنەی لێ دەگیرا، به ‌ڵام ئەو لە وەڵامدا دە‌یگوت: «سه ‌رده ‌م گۆڕاوه ‌و پێویسته‌ ئیدی تامی ئازادی و خۆشی بکەین».

لە ساڵانی 2000دا بە هاوکاری تیپی مۆسیقای سلێمانی زنجیرەیەک کۆنسێرتی لە شارەکانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان پێشکەشکردووە. حەمە جەزا لە ژیانی هونەریدا خاوەنی چەندین سروودی نیشتمانی و مەقام و گۆرانی کوردییە، کە نزیکەی 200 بەرهەمی تۆمارکراوی لە ئەرشیفی گۆرانی کوردیدا هەیە، لەنێو بەرهەمەکانیدا، کە بەشێکیان هۆنراوەکان و ئاوازەکانی خۆی دایناون، هەست بە ئازار و هەستێکی قوڵی نەتەوەیی کوردییانە لە گەرووی ئەم هونەرمەندەدا دەکرێت.

لە دیارترین گۆرانییەکانی: ئەی پەری، بیبی خانم، هۆ کاکی پێشمەرگە، مەڕۆمەڕۆ، سلێمانی، لە کۆڵانی تەنگ، گەردەمبینی، سێدارە، هاتەوەیادم شەوێکی قەندیل، لەدەستم دێت و دەیان بەرهەمی دیکەی بەردەوام رادیۆ و بەرنامە تەلەفزیۆنییەکاندا پەخشدەکرێن و هێشتا  لە یادەوەری خەڵکیدا ماونەتەوە. له ‌ گۆرانییه ‌ شادەکانیشدا سۆزێکی شادی به ‌خشی کوردیانه  دەبینرێت.

 دواجار ئه ‌م هونەرمە‌نده ‌شۆڕشگێڕه لە تەمەنی 61 ساڵیدا و لە کاتژمێر 1:50 خولەکی 1\10\2010  بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کردووە، لەگردی سەیوان بەخاک سپێردراوە.